نازم عەبدوڵڵا: ڕێكنەكەوتنی یەكێتی و گۆڕان لە بەرژەوەندیی ئیدارە و خەڵكی سلێمانیدا نییە

هەولێر -KDP.info- ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت، لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن چاوەڕوانی ڕێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان دەكەن بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگای سلێمانی. ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە درێژەكێشانی كۆبوونەوەكانیان لە بەرژەوەندی ئیدارەی سلێمانیدا نییە.
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان نازم عەبدوڵڵا، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "هیچ كام لە لایەنەكان تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنێك بۆ دیاریكردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگاری سلێمانی، بۆیە دەبێت لایەنەكان لەناو خۆیاندا ڕێك بكەون بە تایبەتی یەكێتی و گۆڕان، چونكە ئەگەر ئەمڕۆ 23/6/2014 پارێزگای سلێمانی دیاری نەكرێت، ئەوا ماوەی یاسایی بەسەر دەچێت، بۆیە هەموو لایەنەكان دەبێت بڕوا بەوە بهێنن كە دیاریكردنی پارێزگای سلێمانی، پێویستی بە ڕێككەوتن هەیە".
گوتیشی: "ڕێكنەكەوتنی گۆڕان و یەكێتی، لە بەرژەوەندیی شاری سلێمانی و خەڵكەكەیدا نییە".
لەبارەی پرسی پارێزگای هەڵەبجەوە كە داوا دەكرێت پارێزگار بۆ ئەو شارە دابنرێت، بەڵام ئەگەر بەپێی دەنگ بێت مافی یەكێتی دەبێت كە یەكەمی شارەكەیە، خۆ ئەگەر بەپێی ڕێككەوتن بێت پارێزگای ئەو شارە بۆ ئیسلامییەكانە، چونكە ئێستا كۆمەڵ و یەكگرتوو بوونەتە یەك لیست بەو پێیەیش دەبنە زۆریەی پارێزگاكە، نازانم عەبدوڵڵا گوتی: "ئەمەی لە نێوان كۆمەڵ و یەكگرتوودا كراوە، تاكتیكی هەڵبژاردنە تا پێمان بكرێت ژمارە كەم بكەینەوە، بۆیە بەو كەمبوونەوەیە لە ڕووی سیاسییەوە بەرچاوڕوونتر دەبین، لەگەڵ ئەوەیشدا تا ئێستا باسی پارێزگای هەڵەبجەمان لەگەڵدا نەكراوە، بەڵام لە كاتی خۆیدا قسەمان دەبێت."
کارزان هەورامی




