لە بەرنامەی "جۆن كێری"ـدا نییە باسی كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكاندا بكات

هەولێر -KDP.info-جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بە سەردانی وەزی دەرەوەی ئەمەریكا دەدات بۆ هەرێمی كوردستان و دەڵێت: "تیشك دەخرێتە سەر دۆخی ئێستای عێراق".
ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جۆن كێری، سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازی كرا. دەربارەی ئامانجی سەردانەكەی، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاروان جەمال، بۆ KDP.infoگوتی: "یەكێك لە تەوەری گفتوگۆكان دۆخی ئێستای عێراقە، چونكە عێراقێكی تازە هاتووەتە پێشەوە و دەبێت كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەم واقیعە تازەیەدا مامەڵە بكات و پەیامی هەرێمی كوردستانیش دیارە، بۆیە دەبێت مامەڵەی تازە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بكرێت".
لەبارەی ئەو هەواڵەی كە دەزگا ڕاگەیاندنە عێراقییەكان بڵاویان كردووەتەوە كە گوایە كێری داوا لە هەرێم دەكات هێزی پێشمەرگە بكشێنێتەوە لەو ناوچانەی جێگیر كراون، كاروان جەمال دەڵێت: "هیچ ئاماژەیەك لەو بارەیەوە نییە، بە پێچەوانەوە هەموو كۆمەڵگای دەرەوە و ناوەندی فەرمیی ئەمەریكایش سوپاسگوزاری هێزی پێشمەرگەن كە توانیویانە بۆشایەكی ئەمنی پڕ بكەنەوە، بۆیە پشگیری ئەو هەنگاوە دەكەن نەك دژی بوەستنەوە".




