تۆپبارانكردنی جەلەولا بەردەوامە و ئەفسەرێكی پێشمەرگەیش شەهید كرا

جەلەولا -تایبەت بە kdp.info-بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا دەڵێت، بە بەردەوامی جەلەولا لەلایەن چەكدارانی داعشەوە تۆپباران دەكرێت و شەوی رابردوویش ئەفسەرێكی هێزی پێشمەرگە بە پلەی رائید، بە قەناس شەهید كرا.
بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا كامەران محەممەد، بە kdp.infoـی راگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ پردی نێوان جەلەولا - كەلار لەلایەن چەكدارانی داعشەوە بە هۆی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو تەقێندرایەوە، دواتر دەستیان بە تۆپبارانكردنی جەلەولا كرد.
كامەران محەممەد گوتیشی، لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانانەدا ئەفسەرێكی هێزی پێشمەرگە كە پلەی رائیدە بە ناوی حەمەجەزا لە بەردەم ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە قەناس شەهید كرا.
بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، بە بەردەوامی تەقە لە جەلەولا دەكرێت و بە هاوەن تۆپاران دەكرێت و تاوەكو ئێستایش هێزی پێشمەرگە هێرشی نەكردووە و هۆكارەكەشی دیار نییە.
بڵند ئیبراهیم




