جۆن کیری لە هەولێرە

هەولێر-KDP.info- وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، جۆن كیری، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سیشەممە، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی کوردستان گەیشتە فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
وەک زانراوە سەردانەكەی كیری بۆ هەولێر، بۆ تاوتووكردنی دۆخی عێراقە و لە دوو رۆژی رابردوودا بۆ هەمان مەبەست سەردانی میسر، ئوردن و بەغدای كرد.
لە پێشواییدا هەریەك لە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان(فوئاد حوسێن) و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان( فەلاح مستەفا) پێشوازییان لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئامادە بوون.
بەپێی زانیارییەکان، وەها بڕیارە كیری لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) –یدا کۆ ببێتەوە.
هەروەها زانیارییەکان ئاماژە دەدەن کە بڕیارە هەریەك لە رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان(نەوشیروان مستەفا) و (بەرهەم ساڵح) و جێگری سەرۆكوەزیران(قوباد تاڵەبانی) بەشداریی كۆبوونەوەكە بن.




