٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تۆپخانەكانی ئێران كوێستانەكانی دەڤەری سیدەكانیان تۆپباران كرد

سەرچاوە: KDP.info

سیدەکان–KDP.info-دوای ماوەیەك ئارامی لە سنوورەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ئەمڕۆ و بۆ جارێكی تر تۆپخانەكانی ئێران ناوچە سنوورییەكانی دەڤەری سیدەكانیان تۆپباران كرد.

پەیامنێرمان لە دەڤەری سیدەكان پێی راگەیاندین كە تۆپ بارانەكە لە سەعات 12ی نیوەڕۆوە دەستی پێكردوو و هەریەكە لە كوێستانەكانی سەقەر و كێلەشین و بەری بەردی گرتەوە، بەو هۆیەشەوە ترس و نیگەرانییەكی زۆر لەلای هاووڵاتیان ناوچەكە درووست بووە بەتایبەتی مەڕدار و ڕەوند و جووتیارەكان.

بەپێی زانیارییەکان تۆپبارانی ناوچە سنوورییەكانی سیدەكان لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە پاساوی ئەوە بووە كە هێزەكانی پژاك لە دۆڵ و مەیدانان تەقەیان لە سەربازگەیەكی كۆماری ئیسلامیی ئێران كردووە.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە كە ئەمە بۆ دووەمین جارە كۆماری ئیسلامیی ئێران كوێستانەكانی دەڤەری سیدەكان تۆپباران دەكات و هەفتەی رابردوویش كوێستانی خنێرەی بۆ ماوەی نیو سەعات تۆپباران كرد.

ئەگەرچی تۆپبارانەكەی كۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ زەرەرێكی گیانی بەدواوە نەبووە و بۆ ماوەی یەك سەعات بەردەوام بووە، بەڵام ترس و نیگەرانیی زۆری لەلای دانیشتوانی ناوچەكە دروست كردووە.

مەهدی داوود

هەواڵی پەیوەندیدار