پارتیی دیموکراتی کوردستان و پەیەدە لەسەر چوار خاڵ ڕێککەوتن

ئانکارا-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە، هەردوو شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستان و پارتیی یەکێتیی دیموکرات(پەیەدە)، لە ئانکارا کۆ بوونەوە و لەسەر چوار خاڵ ڕێککەوتن.
لە کۆبوونەوەی نێوان پارتی و پەیەدەدا ئەو کێشانەی کە پێوەندییان بە سنوورەوە هەیە و هاوکات چارەکردنی پرسی سیاسیی هەندێک پارتیی دیکە تا بتوانن لە ڕۆژئاوای کوردستاندا چالاکییەکانیان بەرجەستە بکەن خرانە بەر باس.
شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە د.کەمال کەرکووکیی بەرپرسی مەکتەبی پێوەندییەکانی پارتیی دیموکراتی کوردستان و نوێنەری سەرۆک بارزانی، هەروەها ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، جەعفەر ئیمنکی و نوێنەری پارتی لە ئانکارا، عومەر میرانی پێک هاتبوو و لە لایەن پەیەدەیشەوە، پەرپرسی پێوەندییەکانی پەیەدە، عەبدوڵڵا ئەحمەد و شاندێک کە لە ئەندامانی پەیەدە پێک هاتبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو لا لەسەر چوار خاڵ ڕێککەوتن کە ئەمانەن: یەکەم، ڕاگرتنی پروپاگەندەی مێدیایی دژ بەیەک.
دووەم، چارەسەرکردنی کێشەکانی سەر سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان.
سێیەم، ڕەخساندنی دۆخێک لە ڕۆژئاوای کوردستان کە تێیدا پارتییە سیاسییەکانی دیکە بتوانن کار و چالاکییە سیاسییەکان ئازادانە بەڕێوە ببەن.
چوارەم، بەردەوامییدان بە پێوەندیی نێوان پارتی و پەیەدە و سازدانی کۆبوونەوەی زیاتر.
جەحفەر ئیمنکی بە کوردستان تی ڤیی ڕایگەیاند کە بەو کۆبوونەوەیە دڵخۆشە و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هەردوو لایان بە ئەنجامێکی باش بگەن.
شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستان، هەروەها شاندی پەیەدەیش دوێنێ یەکشەممە و لە سەر داوەتی فەرمیی پارتیی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەشدارییان لە کۆنگرەی ئەو حیزبەدا کە لە ئانکارا بەڕێوە چوو، کرد.




