٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی: بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریزم پێویستی بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام نابێ لە قاڵبی دژایەتیی پێكهاتەكانی عێراق بێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مەسروور بارزانی بە شاندێكی پەرلەمانی بەریتانیای ڕاگەیاند کە، گرووپە تیرۆریستییەكان تەنیا هەڕەشە نین بۆ سەر هەرێم و عێراق، بەڵكو هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر تێكڕای وڵاتانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، "بۆیە پێویستمان بە پاڵپشتیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم، بەڵام نابێت ئەم پاڵپشتییە لە قاڵبی دژایەتیی پێكهاتەكانی عێراق یاخود لایەنگریكردنی لایەنێك دژ بە پێكهاتەكانی دیكە بێت."

ئێوارەی ئەمرۆ دووشه‌ممه‌ 23/6/2014 راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی پێشوازیی لە شاندێكی گرووپی پارتییەكانی ناو پەرلەمانی بەریتانیا بە سەرۆكایەتیی تۆبیاس ئێلوود و ئەندامێتی هەریەكە لە لۆرد مۆریس گلاسمان لە پارتیی كاری بەریتانیا و لیۆ دۆرچێرتی بەرێوەبەری كۆمیتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پارتیی پارێزگار و گەری كەنت بەرێوەبەری گرووپی پارتییەكانی ناو پەرلەمانی به‌ریتانیا كرد.

لە دانیشتنێكدا هەردوولا دواڕەوشی ئەمنیی چەند ناوچەیەكی عێراق و هەردوو پارێزگای و مووسڵ و كەركووكیان خستە بەر باس و گفتوگۆ. لەلای خۆیەوە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان ئاماژەی دا، كە بە هۆی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆشاییەكی گەورەی ئەمنی لە زۆر ناوچەی عێراق دروست بووە، بە تایبەت لەو پارێزگایانەی كە هاوسنووری هەرێمن و پێكهاتەی دامودەزگا ئەمنییەكانیان بە تەواوەتی داڕووخاوە.

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییش جەختی كردەوە كە "گرووپە تیرۆریستییەكان تەنیا هەڕەشە نین بۆ سەر هەرێم و عێراق، بەڵكو هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر تێكڕای وڵاتانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بۆیە پێویستمان بە پاڵپشتیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم، بەڵام نابێت ئەم پاڵپشتییە لە قاڵبی دژایەتیی پێكهاتەكانی عێراق یاخود لایەنگریكردنی لایەنێك دژ بە پێكهاتەكانی دیكە بێت."

هەر لەم دیدارەدا ئاماژە بە زۆرێك لەو رێكارانە كرا كە هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكان و پاراستنی رەوشی ئەمنیی هەرێم و دڵنیابوونی هاووڵاتیانی گرتووەتە بەر. وێڕای ئەوەی هەرێمی كوردستان كەشێكی لەباری رەخساندووە بۆ لەخۆگرتنی سەدان هەزار ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی عێراق و سووریا.

هەواڵی پەیوەندیدار