لە بەگژداچوونەوەی چەکداراندا، نێچیرڤان بارزانی و ئەحمەد چەلەبی هاوڕا نین

هەولێر -KDP.info- ئەحمەد چەلەبی داوا دەکات هاوكاری و هەماهەنگی لە نێوان حكوومەتی هەرێمى كوردستان و حكوومەتی عێراقدا هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەكدارانی داعش و ئازادكردنی ئەو شوێنانەی لە 10-ی مانگەوە كەوتوونەتە دەستی تیرۆریستان، بەڵام سەرۆکوەزیرانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵیدا هاوڕا نەبوو و باوەڕی وایە کە كێشەكانی عێراق لە بنەڕەتدا كێشەی سیاسین و چارەسەركردنیشیان دەبێ لە ڕێگەی دۆزینەوەی چارەسەری سیاسییهوه بێت.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشهممه 23ی حوزەیرانی 2014، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە د. ئەحمەد چەلەبی سەرۆكی كۆنگرەی نیشتیمانیی عیراقی كرد.
لە دیدارێكدا پێشهاتە سەربازی و ئەمنی و سیاسییەكانی عێراقیان تاوتوو كرد و تیشكیان خستە سەر ئەو بارودۆخەی دوای ڕووداوەكانی 10ی حوزەیران و كەوتنی پارێزگای مووسڵ و شارەكانی دیكهى عێراق هاتووەتە ئاراوە كە مەترسییەكی گەورەی لەسەر عێراق و پرۆسەی سیاسی دروست كردووە و بە سەدان هەزار كەسیش لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارە بوون كه ژمارەی هەرە گەورەیان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
له دیدارهكهدا د. ئەحمەد چەلەبی سوپاسی نێچیرڤان بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو یارمەتیانەی پێشكەشی ئاوارەكانی مووسڵ و تەلەعفەر و ناوچهكانى دیكهى عێراقیان كردووه، ههروهها داوای كرد هاوكاری و هەماهەنگی لە نێوان حكوومەتی هەرێمى كوردستان و حكوومەتی عێراقدا هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەكدارانی داعش و ئازادكردنی ئەو شوێنانەی لە 10ی مانگەوە كەوتوونەتە دەستی تیرۆریستان.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە كێشەكانی عێراق لە بنەڕەتدا كێشەی سیاسین و چارەسەركردنیشیان دەبێ لە ڕێگەی دۆزینەوەی چارەسەری سیاسییهوه بێت، چونكە ئەو كێشانە بە هیچ شێوەیەك بە تەنیا بە ڕێگەی سەربازی و ڕووبهڕووبوونهوهى چهكدارى چارەسەر ناكرێن.
نێچیرڤان بارزانی دهربارهى ئاوارهكانیش دووپاتی كردەوە ئاوارەكانی مووسڵ و تەلەعفەر و شوێنەكانی دیكەی عێراق كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە خوشك و براى ئێمهن و لە ماڵی خۆیانن و هەموو هاوكاریەكی پێویستیان لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێشكەش دەكرێت.




