لە ناوچەی سنوون-ڕەبیعە،داعش وەدەر نرا... بە دوو تەقینەوە چوار پێشمەرگە شەهید بوون

مووسڵ -تایبەت بە KDP.info- فەرماندەی فەرماندەیی سپیلك ڕایگەیاند، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، لە ناوچەی سنوون-ڕەبیعە شەڕ لە نێوان هێزی پێشمەرگە و چەكدارانی داعشدا ڕووی دا، بەڵام شكستیان هێنا و لە ئێستادا شەڕەكە كۆتایی پێ هاتووە. ئەو گوتیشی سەعات دووی ئەم دوانیوەڕۆیەش شەڕێکی بچووک بەرپا بوو، بەڵام داواجار ئەوانیش ڕایانکرد.
فەرماندەی فەرماندەیی سپیلك عەبدولڕەحمان كەورینی، بە kdp.infoـی راگەیاند، ئەمڕۆ لەسەر رێگەی نێوان شنگال – تەلەعفەر، چەكدارانی داعش لە نزیك ئوم شەبابیت هێرشیان كردە سەر هێزی پێشمەرگە و شەڕ لە نێوان هەردوو لادا دروست بوو، دواتر چەكدارانی داعش شكستیان هێنا و هەڵاتن، لە ئاكامی ئەو شەڕەیشدا دوو پێشمەرگە بە سوكی بریندار بوون.
لیوا عەبدولڕەحمان كەورینی گوتیشی، لە ئێستادا شەڕەكە كۆتایی پێ هاتووە و ناوچەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەدایە.
فەرماندەی فەرماندەیی سپیلك هەروەها ڕوونیشی كردەوە، هەر ئەمڕۆ لەسەر رێگەی نێوان رەبیعە -سنوون پێنج بۆمب دانرابوونەوە و دوو لەو بۆمبانەیش لەلایەن هێزەكانی ئێمەوە پووچەڵ كرانەوە و سێ بۆمبەكەی دیكەیش تەقینەوە، لە ئاكامدا پێشمەرگەیەك شەهید بوو و حەوتی دیكەیش بریندار بوون. هاوکات گوتی دوانیوەڕۆیش بۆمبێکی دیکە بە ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانماندا تەقییەوە و سێ پێشمەرگە شەهید بوون و سیانیش بریندار بوون.
زیاتر گوتی، هێرشی ئەم دوانیوەڕۆیە کە پاش وەدەرنانی داعش بوو لە ناوچەکە، لە گوندێکەوە سەریهەڵدا، بەڵام ئەوانیش تێک شکان و گوندەکەیشمان کۆنترۆڵ کرد و ژمارەیەک گومانلێکراویشمان دەستگیر کردوون.
بڵند ئیبراهیم




