ئەحمەد عەسكەری: ئێستا كەركووكییەكان لە ئارامترین دۆخدان

كەركووك -تایبەت بە KDP.INFO-ئەندامێكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت، شاری كەركووك لە ڕووی ئەمنییەوە زۆر ئارامە، بە جۆرێك كە هەرگیز دۆخی كەركووك بەو شێوەیە نەبووە.
ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەحمەد عەسكەری، بە KDP.INFOـی راگەیاند: لە ئێستادا لە ڕووی ئەمنییەوە هیچ كێشەیەكمان نییە و هێزەكانی پێشمەرگەیش لەو سەنگەرانەی بۆیان دیاری كراوە و هێزەكانی سوپای عێراق بەجێیان هێشتوون، جێگیر كراون.
ئەحمەد عەسكەری گوتیشی: لەناو كەركووكیش وەكو جاران دەستكاریی هیچ هێزێك نەكراوە و سەرجەمیان سەرقاڵی پاراستنی ئەمنییەتی هاووڵاتیانن.
عەسكەری زیاتر گوتی: لە دوای ڕوداوەكانی پارێزگای مووسڵەوە لە كەركووك هیچ كێشەیەك ڕووی نەداوە، بەڵكوو تاوەكو ئێستا لە ڕووی ئەمنییەوە كەركووك ئارامترین كات بەسەر دەبات.
ئەمەیش لە كاتێكدایە، لە دوای ڕووداوەكانی پارێزگای مووسڵ لە سنووری پارێزگای كەركووكیش سوپای عێراق شوێنەكانیان بەجێ هێشت و هەڵاتن، دواتر هێزەكانی پێشمەرگە شوێنی ئەوانیان گرتەوە و لە ئێستایشدا زۆرینەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئدارەی هەرێم لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەدان.
بڵند ئیبراهیم




