٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شەڕی نێوان پێشمەرگە و داعش لە سلێمان بەگ كۆتایی هات و ئاگربەست راگەیەندرا

سەرچاوە: KDP.info

دوزخوورماتوو -تایبەت بە KDP.INFO- بەڕێوەبەری ئاساییشی دوزخوورماتوو دەڵێت، دوای ئەوەی دوێنێ لە نزیك شارەدێی سلێمان بەگ شەڕ لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و چەكدارانی داعشدا ڕووی دا، ئەمڕۆ كۆتایی هات و ئاگربەست راگەیەندرا.

بەڕێوەبەری ئاساییشی دوزخوورماتوو رائید فارووق ئەحمەد، بە KDP.INFOـی راگەیاند: دوێنێ چەكدارانی داعش لە نزیك شارەدێی سلێمان بەگ كە بازگەیەكی هێزی پێشمەرگەی لێیە، تەقەیان لە بازگەكە كرد و بەو هۆیەیشەوە چەند پێشمەرگەیەك بریندار بوون، دواتر هێزەكانی پێشمەرگە بە توندی وەڵامیان دانەوە و تاوەكو كاتژمێر 12ـی شەوی رابردوو شەڕەكە بەردەوام بوو.

رائید فارووق ئەحمەد گوتیشی: ئەمڕۆ چەكداران دوای ئەوەی زانییان ناتوانن بەرەوڕووی هێزی پێشمەرگە ببنەوە، داوایان كرد كۆتایی بە شەڕەكە بهێندرێت و ئاگربەست راگەیەندرا.

بەڕێوەبەری ئاساییشی دوزخوورماتوو زیاتر گوتی: پێشمەرگە دەستپێشخەر نەبووە لە تەقەكردن، بەڵام داعش تەقەی لە هێزی پێشمەرگە كردووە و ئەوانیش تەنیا وەڵامیان داوەتەوە.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار