تانەر یڵدز: خابوور لە بەردەم ناردنی بەنزین بۆ هەرێمدا بەربەستە

ئانكارا -KDP.info- وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی توركیا رایگەیاند، توركیا توانای ئەوەی هەیە بەنزین هەناردەی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام دەروازەی سنووریی خابوور بەربەستە.
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی توركیا تانەر یڵدز لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی ئێن تی ڤیی توركی گوتی، هەرێمی كوردستان داواكارییەكی لە بارەی هەناردنی بەنزین لە توركیاوە بۆ هەرێمی كوردستان ئاڕاستەی توركیا كردووە، توركیا ئامادەیە ئەو داواكارییە جێبەجێ بكات.
یڵدز ڕوونی كردەوە: توركیا دەتوانێ بڕێكی زۆر بەنزین هەناردەی هەرێمی كوردستان بكات و بەشێك لە پێداویستییەكانی هەرێم لە بواری بەنزیندا دابین بكات، بەڵام پرسی رۆتینیاتی دەروازەی سنووریی خابوور بەربەستێكی گەورەیە لە بەردەم هەناردنی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان.
یڵدز گوتیشی كە پرسی رۆتینیاتی دەروازی سنووریی خابوور وای كردووە كە هەمیشە لەو دەروازەیەدا قەرەباڵغییەكی زۆر هەبێت و ئەگەر رۆژانە چەند تانكەری بەنزینیش لەو دەروازەیەوە هاتوچۆی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان بكەن، ئەوا قەرەباڵغی لە هەر دوولای دەروازە سنوورییەكەوە دەروست دەبێت و ئەمەیش دەبێتە كێشەیەكی گەورە لە بەردەم هاتوچۆی بازرگانیی دەروازەكەدا.
هیوا ئەردەلان




