بروسک شاوێس: ئەگەر گۆڕان و یەكێتی رێك بكەون، ئێمە ئۆپۆزسیۆنێكی ئیجابی دەبین

سلێمانی-KDP.info- بروسک نووری شاوێس دەربارەی دانوستان و چۆنیەتیی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی لە سلێمانی ڕایگەیاند کە، دەبوایە سێشەممە ئەنجوومەنی پارێزگا دابنیشن و بریار بدەن كە سەرۆك و جێگرەكەی هەڵبژێردرێت، بەڵام تائێستا لە سلێمانی دانوستانەکان بەو شێوەیە نەبوون تا بزانرێ حكوومەت چۆن پێک دێت، گوتیشی "لە سلێمانی هیچ لایەنێك نەیتوانیوە زۆرینەیەكی ڕەها بهێنێت كە بتوانێت حكوومەت پێك بهێنێت."
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، بروسک نووری شاوێس پێوەست بە کۆبوونەوەی لایەنەکان زیاتر گوتی "ئێمە پێشتر لەگەڵ لایەنەكانی سۆسیالست و یەكگرتووی ئیسلامییش كۆ بووینەتەوە، باسمان لە پێكهێنانی چۆنیەتیی حكوومەت كردووە.ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان حكوومەتی خۆجێیی بەوە دەبینین كە بنكەفراوان بێت و هەموو لایەنەكانی تێدا بن، ئەگەر ئەو حكوومەتە بنكە فراوان نەبێت و هەموو لایەنەكانی تێدا نەبێت بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستانی تێدا نەبێت حكوومەتێكی خۆجێیی لەنگ دەبێت."
دەربارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەیش شاوێس دەڵێت "بزووتنەوەی گۆڕان پەیامیان ناردووە كە ئەمرۆ دێنە لای ئێمەیش، چاوەڕوانین تا بزانین بیروبۆچوونی ئەوان چۆنە، ئایا ئەوان لەگەڵ حكوومەتی بنكەفراوانن، یاخود بە شێوەیەكی تر سەیری دەكەن."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە سلێمانی دەربارەی بۆچوونی حیزبەکەی لە پێکهێنانی ءکوومەتی جۆجێی لە سلێمانی گوتی "ئێمە لەگەڵ حكوومەتێكی بنكەفراوانین، ئەگەر گۆڕان و یەكێتی رێك بكەون لەناو خۆیاندا و ئێمە لە دەرەوەی بازنەكە بین، دەتوانین بەم شێوەیە بیكەن، بەڵام ئێمە ئەوکات دەبینە ئۆپۆزسیۆنێكی ئیجابی دەبین."
ئاماژەیشی دا "ئێمە داواكاریی تایبەتمان نییە، بەڵکە مەبەستمانە حكوومەتێكی خۆجێیی بنكەفراوان دروست بێت و هەموو لایەنەكانیش بەپێی ئیستحقاقی ئینتخابیی خۆی لەو پۆستانەی كە لە سلێمانی هەن و نزیكەی 35 پۆستی سیادی دەبن لەو 35 پۆستە سیادییە هەموو حیزبەكابێك بەپێی ئیستحقاقی ئینتخابی خۆی پۆستی بەربكەوێت."




