٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەفین دزەیی: نەوت بە كۆمپانیا دەفرۆشین، نەك وڵات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  حكوومەتی هەرێمی كوردستان فرۆشتنی نەوت بە وڵاتی ئیسرائیل بەشێوەی راستەوخۆ ‌و ناراستەوخۆ رەت دەكاتەوە ‌و گوتەبێژی حكوومەتیش دەڵێ "ئێمە نەوت بە كۆمپانیا دەفرۆشین، نەك وڵات".

ئاژانسی رۆیتەرز لە هەواڵێكدا بڵاوی كردەوە كە نەوتی هەرێمی كوردستان چووەتە ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەو وڵاتە بفرۆشرێت ، ئەوەش بەیاننامەیەكی توندی وەزارەتی نەوتی عێراقی بەدوادا هات و دەڵێ "چەند جارێك هەرێمی كوردستان نەوتی فرۆشتووەتە ئیسرائیل".
بەڵام سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو هەواڵانە، لە ڕێی نامەیەکەوە بە ڕۆیتەرزی گوتووە "هەرێمی كوردستان راستەوخۆ نەوت بە هیچ وڵاتێك نافرۆشێت ، وڵاتانیش بەهیچ شێوەیەك راستەوخۆ نەوت ناكڕن و كۆمەڵێك رێوشوێن هەن".
گوتەبێژی حکوومەت، سەفین دزەیی بۆ ڕووداوی ڕوون کردووەتەوە "لە بازاڕەكانی دنیا نەوت بەو كۆمپانیایانە دەفرۆشرێت، كە كاری كڕین و فرۆشتن و ئاڵوگۆڕی نەوت دەكەن ، ئەو كۆمپانیانەیش كە نەوتی هەرێمی كوردستان دەكڕن خۆیان سەرپشكن، دواتر دەیفرۆشنە كامە وڵات". جەخیشی كردەوە "ئاگاداری ئەوە نین كە ئەو كۆمپانیایانە نەوتی هەرێمیان فرۆشتبێتە ئیسرائیل، بەڵام خۆشیان سەربەستن".
پێشتریش سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان راگەیاندووە كە "ئێمە بە هیچ شێوەیەك ، بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ نەوتمان نەفرۆشتووەتە ئیسرائیل".
هەروەها هەمان سەرچاوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەشی راگەیاند "ئەو هەواڵە میدیاییانە بەمەبەستی زیاتركردنی ئاڵۆزییە لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق بڵاو دەكرێنەوە، بەبێ ئەوەی پشتیان بە هیچ بەڵگە و راستییەك بەستبێت".

هەواڵی پەیوەندیدار