پێشمەرگە دێرینەکان ڕێک دەخرێنەوە

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info- وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانی تەواوی پێشمەرگە دێرینەکان ئامادەیی خۆیان پێشان داوە بۆ ھەر کاتێک پێویستییان پێیان ھەبێت ئەرکی پاراستنی هەرێمی کوردستانیان پێ بسپێردرێت و وەزارەتی پێشمەرگەیش لە ئێستادا سەرقاڵی دانانی میکانیزمێکە بۆ سودوەرگرتن لێیان.
بەرێوبەری گشتیی راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، عەمید ھەڵگورد حیکمەت، بە kdp.info-ی راگەیاند: "تەواوی پێشمەرگە دێرینەکان و پێشمەرگەکانی ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بەدەم بانگەوازییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە هاتوون و ئامادەیی خۆیان پێشان داوە بۆئەوی ھەرکاتێک پێویستیی بە ئەوان ھەبێت ئەرکیان پێ بسپێردرێت، تەنانەت پێشمەرگە ھەیە شایەنی خزمەتکردنە ئامادەیی خۆی پێشان داوە."
عەمید ھەڵگورد حیکمەت گوتیشی: "بە هیواین دۆخەکە نەگاتە ئەو ئاستە پێویستمان پێیان هەبێت، بەڵام لەئێستادا وەزاەرتی پشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی دانانی میکانیزمێکە بۆ چۆنیەتیی سوودوەرگرتن لێیان."
ئەو گوتیشی، "نەک تەنھا پێشمەرگە دێرینەکان، بەڵکو خەڵکی ھەرێمی کوردستانیش پشتگیریی خۆیان دەربڕیوە و لە ئامادەباشیدان بۆ ھەر حاڵەتێک، ئەمەیش زۆر گرنگە بۆ بەرزبوونەوەی ورەی پێشمەرگەکان کە ئێستا لە سەنگەرەکانن."
بڵند ئیبراھیم




