٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەندێکی پاڵاوتەکان بەپێی پێوەری نوێ وەگەڕ دەخرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info-  ئەندامێکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بۆ وەگەڕخستنی هەندێکیان، پێداچوونەوە بە پاڵاوتە بێمۆڵەتەکاندا دەکرێت و پێوەریان بۆ کارکردن بۆ دادەنرێت تا سەرلەنوێ کار بکەن.

ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دڵشاد شەعبان، بە kdp.info-ی راگەیاند: لەئێستادا سێ پاڵاوتەوی گەورەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان ھەن و لەژێر چاودێریی  وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندان و بەپێی یاسای نەوت و غازی ژمارەی 22-ی پەرلەمانی کوردستان کار دەکەن و ھیچ کێشەیەکیان نییە.

دڵشاد شەعبان گوتیشی: کێشەی ئێمە ئەوەیە کە پاڵاوتە بچووکەکان کاتێک دانرابوون ھەرێم پێویستی پێ بوو، بەڵام لە ئێستادا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەرقاڵی سەرژمێرین  بۆ ئەوەی بزانن چەند باڵاوتە لە ھەرێمی کوردستاندا ھەن.

 ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان روونیشی کردەوە، مەبەست لە سەرژمێریی پاڵاوتە بچووکەکان ئەوەیە دووبارە پێداوچەنەوەیان پێدا بکرێت و ھەندێک پێوەریان بۆ دابنرێت بۆ کارکردن، چونکە زۆرینەیان کەموکوڕیی زۆریان ھەیە.

ڕوونیشی کردەوە، نزیکەی 80%-ی پاڵاوتە بچووکەکان مۆڵەتیان نییە لە وەزارەت و لەلایەن پارێزگاکان مۆڵەتیان پێ دراوە، بەڵام لەمەوداوا پێویستە مۆڵەت لە وەزارەت وەربگرن و بەپێی رێنماییەکان کار بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا نزیکەی 150پاڵاوتە ھەن کە زۆرینەیان مۆڵەتیان نییە و پێویستە مۆڵەت لە وەزارەت وەربگرن و بەپێی ھەندێک پێوەر کە بۆیان بۆ دادەنرێت کار بکەن بە پێچەوانەوە مۆڵەتیان پێ نادرێت.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە، بە هۆی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی مووسڵ و ناوچەگەلێکی دیکەوە، هاوکات دەستبەسەرداگرتنی گەورەترین پاڵاوتەی نەوتی عێراق کە بێجییە، گرفتی بەنزین هاتووەتە ئاراوە و، هەرێمی کوردستانیش بە هۆی لەخۆگرتنی ژمارەیەکی زۆر پەنابەرەوە، هەروەها بڕانی بڕێکی ئەو بەنزینەی کە لە بێجییەوە بۆی دابین دەکرا، بەرەوڕووی هەمان کێشەی کەمیی بەنزین بووەتەو.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار