٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زانایانی ئایینیی ئیسلام، مەسیحی و ئێزدی پشتیوانی لە پێشمەرگە دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

شێخان -kdp.info- مامۆستایانی ئایینیی دەڤەری شێخان، لە بەسەركردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی سنوورەكەدا ڕایانگەیاند، پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و خاكی پیرۆزی كوردستان، ئەركێكی نیشتمانی و ئایینییە. پشتیوانیی خۆیشیان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دووپات كردەوە.  

 

بە مەبەستی دەربڕینی پشتیوانی و لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە  ڕەوشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی پێشەوەی سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم, شاندێكی دەڤەری شێخان كە پێك هاتبوو لە مامۆستایانی ئایینیی ئیسلامی و مەسیحی و ئێزدی و ژمارەیەك رێكخراوی ناحكوومی، بە سەرپەرشتیی بەرپرسی لقی20ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شێخان و كارگێڕانی لق و بەرپرسانی ناوچە و كادرانی سنوورەكە، سەردانی هێزی (12)ـی سەر بە سوپای (3)ـی زێرەڤانییان لە شەلالات كرد و لەلایەن فەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانی (عەزیز وەیسی) و فەرماندەی سوپای 3ـی زێرەڤانی (خالید ساڵح) و ژمارەیەك ئەفسەر و كاربەدەستانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە پێشوازی كران .

 

بەرپرسی راگەیاندنی لقی 20ـی شێخان كەریم سلێمان، بۆ kdp.infoگوتی: "ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی لقی 20ـی شێخان (عەلی عەونی)، بە درێژی باسی باری ئەمنیی ئێستای لە دەڤەرەكە كرد و دەستخۆشییشی لە هێزە ئەمنییەكانی كوردستان كرد كە شەو و ڕۆژ بۆ پاراستنی تەناهی و ئارامی لە ئەركدان."

گوتیشی: "بەرپرسی لق ستاییشی هەڵوێستی پێشمەرگەی كرد كە هەموو كات بۆ بەرەوڕووبوونەوەی دوژمنانی گەلی كورد ئامادەن و دەستكەوتەكانی ئێستای هەرێمی كوردستانیش، بەرهەمی هەوڵ و خەبات و شەونخوونیی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانە".

كەریم سلێمان ئەوەیشی خستە ڕوو، لە كۆبوونەوەكەدا بەرپرسی لقی 20 باسی گەڕاندنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی بۆ سەر كوردستان كرد و گوتی كە پێویستە هەموو لایەك لە گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێم پێداگر بن. هەروەها پاڵپشتیی پارتی دیموكراتی كوردستانیشی بۆ هەر هاوكارییەكی هێزی پێشمەرگە لە دەڤەرەكە دەربڕی.

لە كۆبوونەوەكەدا مامۆستایانی ئایینیی دەڤەرەكە پاڵپشتیی خۆیان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دووپات كردەوە و ڕایانگەیاند، پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و خاكی كوردستان، ئەركێكی نیشتمانی و ئایینییە.

 

دڵدار ئیبراهیم- ئومێد پشدەری

هەواڵی پەیوەندیدار