٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فرۆشتنی نەوتی كوردستان بووەتە واقیعی ڕۆژ و بەغدایش ناتوانێت نكوڵیی لێ بكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شارەزایانی بواری ئابووری و وزە پێیان وایە، فرۆشتنی نەوتی كوردستان بووەتە واقیعی ئەمڕۆی ناوچەكە و لە ڕووی یاسایی و دەستوورییشەوە بەغدا ناتوانێت ڕێگری لە فرۆشتنی بكات.

 دوای فرۆشتنی یەكەم كەشتیی نەوتی، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی دا كە كەشتیی دووەم و سێیەم و چوارەم لە ڕێگەی توركیاوە بۆ بەندەرەكانی جیهان بەڕێوەن. لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە كە هەرێمی كوردستان شانازی بەو هەنگاوە گەورەیەوە دەكات، كە سەرەڕای لەمپەردروستكردن و بۆ ماوەی سێ هەفتە هەڕەشە و تەدەخولی بێبنەمای بەغدا لە دژی خاوەنی كەشتییەكە نەوتهەڵگرەكان و كڕیار و فرۆشیارە نێودەوڵەتییەكان، كەشتییەكان گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست.

شارەزایان و ئابووریناسانی كوردستان بڕوایان وایە، فرۆشتنی نەوتی كوردستان یەكەم هەنگاوی سەربەخۆیی ئابووریی هەرێمە و دەربازبووزنە لەو قەیرانە داراییەی كە بەغدا بۆ هەرێمی كوردستانی دروست كردووە.

شارەزا لە بواری ئابووری و ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق تانیا تەڵعەت، بۆ KDP.infoگوتی: "ئێستا هەرێمی كوردستان پێویستی بەوە هەیە كە بۆ پڕكردنەوەی ئەو پارەیەی لە بەغداوە بڕاوە، بیر لە سەرچاوەی داهاتی دیكە بكاتەوە، بۆیە باشترین ڕێگە لەم كاتەدا بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستانە، چونكە بە فرۆشتنی ئەو نەوتە ئابووریی كوردستان سەربەخۆ دەبێت، وێڕای ئەوەی گوشارەكانی بەغدا لەسەر كوردستان نامێنێت لە كاتێكدا هەر ڕۆژە و هەڕەشەیەكی نوێ بۆ بڕینی قوتی خەڵك بكات".

تانیا ئەوەیشی خستە روو كە دەبێت ئەم هەنگاوە پەرەی پێ بدرێت و هەوڵ بدرێت پشتیوانیی زیاتری نێودەوڵەتی بە دەست بهێنرێت، ئەو كاتە نەوتی كوردستان دەتوانێت ببێتە جێگرەی ئەو پارەیەی كە گوایە عێراق 17%ــمان بۆ دەنێرێت.

گوتیشی: "یەكێك لە ئامانجەكانی دیكەی فرۆشتنی نەوت، بووژانەوەی بازاڕی جیهانیی نەوتە بە شێوەیەكی دیكە، چونكە كوردستان لە چوارچێوەی هەرێمێكەوە دەردێت و ئەو كاتە پێگەیەكی دیكەی لە بازاڕە جیهانییەكاندا دەبێت".

هەر لەم بارەیەوە، ئاگادار لە گفتوگۆكانی شاندی هەرێمی كوردستان و بەغدا حەسەن عوسمان، بۆ  KDP.infoگوتی: "ئێستا كاتی ئەوەیە بۆرییە نەوتییەكانی كەركووك بە هەرێمی كوردستانەوە ببەسترێنەوە، ئەو نەوتەی چەند ساڵە لە كەركووك دەرناهێنرێت كوردستان هەوڵ بدات بیبووژێنێتەوە و بیكاتە ناوەندی بازاڕێكی گەورەی وزە بۆ جیهان، هەروەها هەوڵ بدرێت فرۆشتنی نەوت فراوانتر بكرێت، بۆ ئەوەی پەیامێك بدرێتە دەسەڵاتدارانی بەغدا كە ئەوەی هەرێمی كوردستان دەیكات ڕاستتر و سەركەوتووترە، چونكە ئێستا بەغدا ناتوانێت گوشار دروست بكات و نەوتی كورستانیش بووەتە واقیعی ناوچەكە".

هاوكات شارەزا لە بواری نەوت و سەرچاوە سرووشتییەكان بارزان هەورامی، بە KDP.infoـی گوت: "لە قۆناخی یەكەمدا كوردستان یەك ملیۆن بەرمیل نەوت ڕەوانە دەكات، چاوەڕێیش دەكرێت ئەم بڕە لە 2015ـدا بۆ 2 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرز ببێتەوە و دواتر ئەو ڕێژەیە زیاد دەكات، ئەوەیش وادەكات كە ئاستی بەرهەمی نەوتی كوردستان بگاتە پلەیەك كە وڵاتان پشت بە سەرچاوەی وەزی هەرێم ببەستن".

گوتیشی: "لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە هیچ گرفتێك لە فرۆشتنی نەوتی كوردستاندا نییە، ئەوەیشی بەغدا دەیكات گوشاری سیاسییە نەك یاسایی". 

کارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار