٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئه‌ردۆغان بۆ‌ نێچیرڤان بارزانى: گومانم له‌وه‌دا نییه‌ چۆن پێشتر ئه‌م ئه‌ركه‌تان به‌ سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه ‌بردووه‌، ئه‌م جاره‌ش به‌ شایسته‌یى به‌جێى ده‌گه‌یه‌نن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  به‌ بۆنه‌ى پێكهێنانى كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، سه‌رۆكوه‌زیرانى توركیا، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان نامه‌یه‌كى پیرۆزبایى ئاراسته‌ى سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، نێچیرڤان بارزانى كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستانی عیراق،
ڕێزدار سه‌رۆك وه‌زیران، برای به‌رێزم،
به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ هه‌واڵی به‌ فه‌رمی ڕاگه‌یاندنی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عیراق و به‌رده‌وامبوونتان له‌ ئه‌ركی سه‌رۆكوه‌زیریم پێگه‌یشت. خوازیار و هیوادارم كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عیراق ببێته‌ مایه‌ی خێر و خۆشی بۆ هه‌موو گه‌لی عیراق و هه‌رێم.
گومانم له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ چۆن پێشتر ئه‌م ئه‌ركه‌تان به‌ سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه ‌بردووه‌، ئه‌م جاره‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ شایسته‌یى به‌جێى ده‌گه‌یه‌نن. ئێمه‌ به‌ پێزانینه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ پێشكه‌وتووانه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستانی عیراق له‌ پێناو گه‌شه‌سه‌ندن و خۆشگوزه‌رانیی ئابووریدا ناویه‌تى‌. دڵنیام ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دوولایه‌نیه‌ی نێوانمان كه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكی به‌رز، له‌ سه‌رده‌می حكوومه‌تی نوێیش له‌ هه‌موو بوارێكدا زیاتر گه‌شه‌ ده‌كات و فراوانتر ده‌بێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا وڵاته‌كه‌مان له‌ بواری ئاساییشیشدا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پابه‌ندبوونی به‌و به‌ڵێنانه‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراقى داون.
له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ى كه‌ عێراقى پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستی به‌  ڕێبه‌رایه‌تیی لێهاتوو و زیره‌كانه‌ی ئێوه‌ ده‌بێت. سه‌باره‌ت ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ پێویسته‌ بهاوێژرێن بۆ ده‌ربازبوونی عێراق له‌م كێشانه‌ی كه‌ تا ئێستا به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت‌، له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستیمان به‌ هاوكاریی دوولایه‌نه‌یه‌.
زۆر به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ هه‌وڵ و كۆششتان له‌پێناو دابینكردنی شوێنی حه‌وانه‌وه‌ و ژیانێكی گونجاو بۆ ده‌یان هه‌زار ئاواره‌ی خه‌ڵكی سڤیلی پارێزگای مووسڵ و شاری ته‌له‌عفه‌ر كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری توركمانى هاوڕه‌چه‌له‌كمان لێى ده‌ژین. له‌و بڕوایه‌دام ئه‌مه‌ ته‌نها پرۆسه‌یه‌كی كاتی ده‌بێت و ئه‌م ڕۆژه‌ سه‌ختانه‌ درێژه‌ ناكێشن. بێگومان ئه‌م جۆره‌ هه‌نگاوانه‌ برایه‌تیی توركمان و كورد پته‌وتر ده‌كات و له‌وه‌ش دڵنیام كه‌ له‌ سه‌رده‌می  حكوومه‌تی نوێدا به‌ ڕێبه‌رایه‌تیی ئێوه‌، ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و توركمانانه‌ پارێزراو ده‌بن كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق ده‌ژین.
به‌ بۆنه‌ی ده‌ستبه‌ركاربوونتان وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیران؛ دووباره‌ پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م و هه‌ر به‌م بونه‌یه‌شه‌وه‌ تكایه‌ سڵاو و پێزانینی گه‌رمم به‌‌ جه‌نابى سه‌رۆك و برای به‌ڕێزم مه‌سعوود بارزانی بگه‌یه‌نه‌.
ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان          
سه‌رۆك وه‌زیرانی كۆماری توركیا
19ى حوزه‌یرانى 2014
ئه‌نقه‌ره‌

هەواڵی پەیوەندیدار