ئه‌نجوومه‌نی هه‌رێم بۆ نه‌وت و غاز، ئەم بڕیارە گرینگانەی دان

هەولێر-KDP.info- سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 19ی حوزه‌یرانی 2014، ئه‌نجوومه‌نی هه‌رێم بۆ نه‌وت و غاز به سه‌رۆكایه‌تیی نێچیرڤان بارزانیی سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و به ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران، كۆ بووه‌وە و چه‌ند بڕیارێكی گرینگی ده‌رباره‌ى چاره‌سه‌ركردنی گرفتی سووته‌مه‌نی له هه‌رێمى كوردستان ده‌ركرد.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به به‌شداریی وه‌زیرانی دارایی و ئابوورى، سامانه سرووشتییه‌كان، پلاندانان و پارێزگارانی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌ڕێوه چوو، سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌ی كه‌میی به‌نزین له هه‌رێمی كوردستان و له‌و ناوچانه‌ی ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵی پێشمه‌رگه‌دان و هۆكاره‌كانی، به تایبه‌تیش دوای ڕووداوه‌كانی مووسڵ، گفتوگۆى له‌باره‌وه كرا.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌وه قه‌یرانه‌كه له سه‌رتاسه‌رى عیراق هه‌یه و هه‌رێمى كوردستانیش كه‌وتووەته ژێر كاریگه‌ریى ئه‌و بارودۆخه و داواكارییه‌كى زۆر له‌سه‌ر سووته‌مه‌نى و به‌تایبه‌تیش به‌نزین له شاره‌كانى دیكه‌ى ده‌روه‌ى هه‌رێمى كوردستان دروست بووه، به تایبه‌تى به‌هۆى له‌كاركه‌وتنى پاڵاوته‌ى بێجى كه ئه‌مه‌ش واى كردووه داواكارى له‌سه‌ر به‌نزین زۆر ببێت و ئه‌م قه‌یرانه‌ى لێ بكه‌وێته‌وه، بۆیه پاڵاوته‌كانى هه‌رێمى كوردستان له توانایدا نییه ئه‌م داواكارییه له‌سه‌ر به‌نزین پر بكاته‌وه، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ى به هۆى بارودۆخى ئه‌منى و سه‌ربازییه‌وه به‌شێكى زۆرى سووته‌مه‌نیش به تایبه‌تى به‌نزین بۆ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه ڕۆژانه ده‌چێته به‌ره‌كانى به‌رگرى له سنووره‌كانى ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان.
هه‌ر له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئه‌م بڕیارانانه دران:
یه‌كه‌م: كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بۆ هێنانى به‌نزین له ڕێگه‌ى كه‌رتى تایبه‌ته‌وه كه به شێوه‌ى بازرگانى و له‌ژێر چاودیریى وه‌زاره‌تى سامانه سرووشتییه‌كاندا بفرۆشرێت به دوو مه‌به‌ست: یه‌كه‌میان كۆنترۆڵى كوالیتیى به‌نزینه‌كه، دووه‌میشیان كۆنترۆلكردنى نرخه‌كه‌ى.
دووه‌م: ڕێكخستنه‌وه‌ى دابه‌شكردنى ئه‌و به‌نزینه‌ى له پاڵاوته‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌رهه‌م ده‌هێنرێت به جۆرێك كه به باشترین شێوه دابه‌ش بكرێت و به‌پێى پێویستى و تواناى پاڵاوته‌كان به‌نزین بۆ ئۆتۆمبێلى هاووڵاتیان دابین بكرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كار ده‌كرێته‌وه به سیسته‌مى دابه‌شكردنى به‌نزین به كۆبۆن كه هه‌ر ئوتومبیلێك بڕێكى دیاریكراو له به‌نزین وه‌ربگرێت و ئۆتۆمبێله‌كانیش دابه‌ش بكرێنه سه‌ر تاك و چووت. هه‌روه‌ها هه‌ردوو وه‌زاره‌تى سامانه سرووشتییه‌كان و دارایى و ئابوورى ڕاسپێردران بۆ دروستكردنى كۆبۆنێك كه به هیچ شێوه‌یه‌ك ساخته نه‌كرێت.
سێیه‌م: مامه‌ڵه‌كردنى تایبه‌ت له‌گه‌ڵ تاكسى و پاس و ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى له هێڵى گشتیى نێوان شارۆچكه‌كاندا كار ده‌كه‌ن كه هه‌م به‌نزینخانه‌ى تایبه‌تیان بۆ دیارى بكرێت و هه‌م بڕى زیاتریشیان پێ بدرێت؛ به مه‌رجێك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى چاودێریى بازرگانى و وه‌زاره‌تى ناوخۆ كۆنتۆلى نرخى گواستنه‌وه‌ى هاووڵاتیان بكه‌ن و ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه له ئاساییبوونى نرخى گواستنه‌وه‌دا ڕه‌نگ بداته‌وه.
چواره‌م: گشت وه‌زاره‌ته‌كان ڕاسپێردران به ڕێكخستنه‌وه‌ى به‌كارهێنانى ئوتومبیلى حكوومى و هه‌وڵدان بۆ به‌كارهێنانى كه‌مترین ڕێژه‌ى سووته‌مه‌نى به‌پێى پێویست.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داوا له‌و هاووڵاتیانه كرا كه بارى داراییان باشه تاكو ئه‌م قۆناغه ته‌واو ده‌بێت و قه‌یرانه‌كه یه‌كجارى چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، وه‌ك به‌شدارییه‌ك له چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانه‌كه‌دا، به‌نزینى بازگانى به‌كار بێنن و به‌مه‌ش بوار بڕه‌خسێنن هاووڵاتیانى كه‌مده‌رامه‌ت سوود له به‌نزینخانه حكوومییه‌كان و سیسته‌مى كۆبۆن وه‌ربگرن.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیران پارێزگاره‌كانى ڕاسپارد كه هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م بڕیارانه له هه‌موو پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك یه‌ك جێبه‌جێ بكرێن.
دوایین شت له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له پرسى به‌نزینى فڕۆكه‌ش كرا و وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه ئه‌م پرسه به ته‌واوى چاره‌سه‌ر كراوه و ئێستا له فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ جۆره كێشه‌یه‌كى به‌نزینى فڕۆكه نیه و بڕى پێویستى به‌نزینى فڕۆكه له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه و له‌مباره‌وه هیچ كێشه‌یه‌ك نابێت.
ده‌رباره‌ى گازى شلیش وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان هاووڵاتیانى دڵنیا كرده‌وه كه بڕى پێویستى گازى شل له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه و به هیچ شێوه‌یه‌ك گرفێك له‌مباره ڕوو نادات.
پاشان له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا سه‌فین دزه‌یی گوته‌بێژی فه‌رمیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و پارێزگارانی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى گه‌رمیان ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌یان بۆ ده‌زگاكنى ڕاگه‌یاندن خسته ڕوو و وه‌ڵامى رۆژنامه‌نووسانیان دایه‌وه.




