گرووپی ئاشتیی ژنان سوپاسی پارتی دەكات و ڕەخنەیش لە لایەنەكانی تر دەگرێت

هەولێر -KDP.info- گرووپی ئاشتیی ژنانی پارتییە سیاسییەكان، لەمەڕ بەدەنگەوەهاتنی داواكاریی ژنان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، سوپاسی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەكات بۆ كاندیدكردنی ئافرەتێك بۆ پۆستی وەزیر. ڕوونیشی دەكاتەوە كە دەستبەكاربوونی كابینەی هەشتەم لەم قۆناخە ئاڵۆز و هەستیارەی ناوچەكەدا، هێز و توانایەكی زۆر بە كوردستان دەبەخشێت.
گرووپی ئاشتیی ژنانی پارتە سیاسییەكان، لە ڕاگەیەنراوێكدا بە بۆنەی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، پیرۆزباییەكی گەرم ئاڕاستەی گشت خەڵكی كوردستان و سەرۆك و جێگر و وەزیرەكانی ئەو كابینەیە دەكات و دەڵێت: وێڕای چاوەڕوانی و دواكەوتنێكی زۆر، بەڵام دەستبەكاربوونی لەم قۆناخە ئاڵۆز و هەستیارەی ناوچەكەدا، هێز و توانایەكی زۆر بە كوردستان دەبەخشێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێك و سەركەوتنی بەسەر قەیرانەكاندا.
ئەو گرووپە هەروەها ئاماژە دەدات كە لە دەستپێكی پرۆسەی دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەدا، هەوڵەكانیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی لە كابینەی هەشتەمدا بوونی ئافرەت لە پۆستی وەزارەت و پێگەكانی تری دەسەڵاتدا فەرامۆش نەكرێت و خزمەتكردن و باشكردنی ڕەوشی ژیانی ژنان ببێتە بەشێكی سەرەكی لە كارنامەی حكوومەتدا.
دەشڵێت: دیارە هەوڵەكانمان بێئاكام نەبوون و ئەوەتا پارتیی دیموكراتی كوردستان خانمێكی بۆ پۆستی وەزیر كاندید كردووە، وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئەو پارتییە لەمەڕ داواكاریی ژنان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، لە هەمان كاتدا پیرۆزبایی لەو خانمە بەڕێزە دەكەین و لەگەڵ هیوای سەركەوتنمان بۆی، بە دڵنیاییەوە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیی دەكەین.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا، گرووپی ئاشتیی ژنان ڕوونی دەكاتەوە: گومانی تێدا نییە كە ماف و پشكی ژنان لە كابینەی وەزاری دەبووایە زیاتر بێت لەوەی كە بەدەستی هێناوە، لەمەدا لایەنە سیاسییەكانی تر بە كەمتەرخەم دەزانین و ڕەخنە و ناڕەزایی خۆمانیان ئاڕاستە دەكەین و هیوادارین لە داهاتوو و لە دەرفەتەكانی تردا، ئەم لاسەنگی و پەراوێزخستنە چارەسەر بكەن.
گرووپی ناوبراو لە كۆتاییدا وێڕای پشتیوانیكردنی تەواویان لە كابینەی هەشتەم، ڕایدەگەیەنێت: ژنان و گشت خەڵكی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە كە ئێمە وەك گرووپی ئاشتیی ژنانی پارتە سیاسییەكان و هاوبەشەكانمان لە رێكخراوەكانی ئافرەتان و كۆمەڵگەی مەدەنی و ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان و كەسایەتی و رۆشنبیران، كە لەو هەوڵەدا پشتیوانییان لێ كردین، بەردەوام دەبین لە هەوڵ و خەباتمان، تا ئەو كاتەی كۆمەڵگەی كوردستان دەگاتە دۆخێكی ئاشتەوایی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و چەسپاندنی بەها مرۆیی و مەدەنییەكان لە وڵاتەكەماندا.




