پێشمەرگە دێرینەكانی حزبی زەحمەتكێشانی کوردستان: بێ دوودڵی ئامادەی خۆبەختكردنین

هەولێر-KDP.info- لە پەیامێکیاندا، پێشمەرگە دێرینەكانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پشتیوانیی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕادەگەیەنن و دەڵێن "بە هەموو توانایەك، پشتیوانی لە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەین و لە هەر كوێیەك و لە هەر بەرەیەكدا بوونی ئێمە پێویست بێت، بێ دوودڵی ئامادەی خۆبەختكردن دەبین."
دەقی پەیامی پشتیوانیی پێشمەرگە دێرینەكانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان کە دانەیەکی بۆKDP.infoنێردراوە:
بەهۆی ئەو بارودۆخە تازەی كە عێراق و سنوورەكانی خوارووی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، رەوشێكی نالەبار هاتۆتە پێشەوە كە لەلایەكەوە هیوای دەستكەوتی مێژوویی لێ دەكرێت، لەلایەكی دیكەشەوە مەترسی كاریگەری سلبی بۆ سەر ناوچە دابڕێنراوەكان و هەرێمی كوردستانیش لێ دەكرێت. بۆیە ئێمە لە پێشمەرگە دێرینەكانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە تەواوەتی ئامادەین هاوشێوەی خەباتی پێشوومان، دەست و چەك لە پێناو پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد و بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر، شان بەشانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە خەباتدا بین و ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆمان بەجێ بگەیەنین.
بەناوی سەرجەم پێشمەرگە دێرینەكانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستانیشەوە ئەوە دووپات دەكەینەوە كە بەهەموو توانایەك، پشتیوانی لە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەین و لە هەر كوێیەك و لە هەر بەرەیەكدا بوونی ئێمە پێویست بێت، بێ دوودڵی ئامادەی خۆبەختكردن دەبین.
بژی كورد... بژی كوردستان
پێشمەرگە دێرینەكانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
18/6/2014....




