كارنامەی كابینەكەیش دەخوێنرێتەوە.. ئەمڕۆ پەرلەمان متمانە بە كابینەی هەشتەم دەدات

هەولێر - تایبەت بە KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ پاشنیوەڕۆ پەرلەمان متمانە بە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدات.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان فەرحان جەوهەر، بە kdp.infoـی راگەیاند: ئەمڕۆ سەعات 3ـی پاشنیوەڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێتەوە و تێیدا وەزیرەكان سوێندی یاسایی دەخۆن، دواتر سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كارنامەی كابینەی هەشتەم دەخوێنێتەوە.
فەرحان جەوهەر گوتیشی: كۆبوونەوەی ئەمڕۆ تایبەت بە متمانەدان بە كابینەی هەشتەم دەبێت و باس لە هیچ بابەتێكی دیكە ناكرێت.
سەبارەت بە هۆكاری ئەوەی كە هەر یەكە لە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ناوچە كوردستانییەكانی دەروەی هەرێم ئەمڕۆ سوێندی یاسایی ناخۆن، جەوهەر گوتی: ئەمانە سیفەتی وەزیریان نییە و پێویستە یاسا هەموار بكرێتەوە و ئەو كات سوێندی یاسایی دەخۆن، هەر بۆیە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا كاندیدی ئەو دوو وەزارەتە سوێندی یاسایی ناخۆن.
بڵند ئیبراهیم




