٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چوار ساڵی ئارام و چاكسازی و خزمەتگوزاری بەرهەمەكەی دەبێت.. لایەنەكان ئومێدی زۆریان بە كابینەی هەشتەم هەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێیان وایە، كابینەی هەشتەم ئومێد و هیوای خەڵكی كوردستانە. ئاماژە بەوەیش دەدەن كە ڕۆڵی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لە كابینەكەدا، زۆر گرینگە و چاوەڕێ دەكرێت چوار ساڵی ئارام و چاكسازی و خزمەتگوزاری، بەرهەمی كابینەكە بێت.

ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان دەنگ لەسەر كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەدرێت كە سەرجەم لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و هێزە سیاسییەكانی كوردستان تێیدا بەشدارن، سەرۆكی كابینەی ڕاسپێردراو بۆ حكوومەت نێچیرڤان بارزانی و جێگری سەرۆكی حكوومەتیش قوباد تاڵەبانییە.

 لەم بارەیەوە ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە لیستی زەرد ئاسۆ كەریم، بۆ KDP.infoگوتی: "كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مایەی دڵخۆشیی سەرجەم خەڵكی كوردستانە، چونكە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بەشدارییان تێدا كردووە، لە هەمان كاتدا ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی زۆر گرینگە وەك سەرۆكی حكوومەت و ئەزموونێكی دوورودرێژی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەیە، چونكە بەپێی ئامارەكان كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە پێشكەوتنی باشی بە خۆیەوە بینیوە".

گوتیشی: "هاوكاری و هەماهەنگی لە كارەكاندا لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و ستافی حكوومەتدا زۆر گرینگە، چونكە سەرجەمیان لە لایەن حزبەكانەوە بۆ حكوومەت دانراون تا بەرنامەی حكوومەت جێبەجێ بكەن".

ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی یەكێتی سۆزان شەهاب، بۆ KDP.infoگوتی: "ئەو بەرنامەیەی لەلایەن كابینەی هەشتەمەوە پێشكەش دەكرێت زۆر گرینگە و پێویستە بە یەك تیم كار بكەن بۆ ئەو بەرنامەی كە هەیە، دواتر پابەندبوون بەو بەرنامە حكوومییەوە مەرجی سەركەوتنی كابینەكەیە، چونكە لەو دۆخە تایبەتەی عێراق و ناوچەكەدا، ڕاگەیاندنی كابینەی هەشتەم سەركەوتنە". گوتیشی: "ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە كابینەكەدا زۆر گرینگە، چونكە كەسانی بەئەزموونن".

هەر لەم بارەیەوە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان ڕابوون مەعرووف، بۆ KDP.infoئاماژەی دا: "جیاوازیی كابینەی هەشتەم لەوەدایە سەرجەم هێزە سیاسییەكان بە بێ جیاوازی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنێكی باش و هەستكردن بە بەرپرسیارەتییەوە دێنە ناو حكوومەت و هاوكێشە سیاسییەكانیش گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە و هێزە سیاسییەكان بەشدارییەكی ڕاستەقینەیان لە دەسەڵاتدا دەبێت و چاوەڕی دەكرێت چوار ساڵی داهاتوو، چوار ساڵی ئارام و چاكسازی و خزمەتگوزاری بێت".

گوتیشی: "هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە وەك كەسی ڕاسپێردراو بۆ كابینەی حكوومەت زۆر گرینگە، چونكە خۆی كەسی دووەمی ناو پارتییە كە ئەوەش پاڵپشتێكە بۆ سەرۆكی حكوومەت كە پارتی پشتگیرییەكی بەهێزی بكات".

مامۆستای زانكۆی سەڵاحەددین د. ئازاد نەقشبەندی، بۆ KDP.infoگوتی: "كابینەی هەشتەم جێگەی دڵخۆشیی خەڵكی كوردستانە لەبەر ئەوەی بنكە فراوانە و چاوەڕێ دەكرێت ئەو هێزانە خزمەتی زیاتری خەڵك بكەن لە چوار چێوەی حكوومەتدا، لەگەڵ ئەوەیشدا بەڵێن دراوە كە تواناكان بخرێتە كار و ئەم كابینە جیاوازتر بێت، چونكە ناوچەكە پێویستی بە كابینەیەكی كۆدەنگی لەو شێوەیە هەیە".

ڕوونیشی كردەوە: "ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە كابینەكەدا زۆر جێی بایەخە، چونكە لەلایەن سەرجەم هێزە سیاسییەكانەوە متمانەی پێ دراوە و بوونی ئەویش بۆ ئەم قۆناغە هەستیارە گرینگە، چونكە ئەزموونی لە حوكمڕانی لە كابینەكانی پێشوودا هەبووە كە ئەوەیش جێگەی دڵخۆشییە، لەبەر ئەوەی هەنگاوی نێچیرڤان بارزانی بەرەو زیاتر سەربەخۆبوونی ئابووری و سیاسی و ئیدارییە".

کارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار