ئاشتی هەورامی: کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بە هەرێمی کوردستانەوە بەسترانەوە

لەندەن-KDP.info- وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشتی هەورامی ڕیگەیاند، هەرێمی کوردستان بەستنەوەی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووکی بە بۆرییە نوێیەکەی هەرێمی کوردستانەوە بەستووەتەوە کە نەوتی خاو بۆ بەندەرەکانی تورکیا دەگوازێتەوە.
دوێنێ سێشەممە، ئاشتی هەورامی لە کۆنگرەیەکدا لە لەندەن جەختی کردەوە کە کارکردن لە بەستنەوەی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بە بۆریی نەوتیی کوردستان – تورکیاوە تەواو بووە.
هێڵی بۆریی کەرکووک – تورکیا کە پێشتر لە توانایدا بوو ڕۆژانە 600هەزار بەرمیل نەوتی پێدا ڕەوانەی دەرەوە بکرێت، لە مانگی ئازاری ڕابردووەوە کرایە ئامانجی چەکدارە توندڕۆکان و بە هۆی هێرشی بەردەوامیشیانەوە کارکردن تێیدا بۆ چاککردنەوەی سەخت بوو و هەناردەی نەوتی لەوکاتەوە پێدا ڕاگیرابوو.
بەم بەستنەوەی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بە بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، حکوومەتی دەتونێت نەوتی کەرکووک ڕەوانەی بەندەرەکانی تورکیا بکات.
هەر دوێنێ سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، عەدنان جەنابی لەو کۆنگرەیەدا گوتبووی کە، ئەگەر کوردستان نەوتی کەرکووکی بکەوێتە دەست و هەناردەی دەرەوەی بکات، لەو ڕێژەی کۆی داهاتی نەوتەی کە لە عێراقەوە دەستی دەکەوت، زیاتری پێ دەبڕیت.
ڕۆیتەرز




