بەرپرسێکی نەوتی عێراق: کەرکووک لە کورد ناسەندرێتەوە

لەندەن-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، عەدنان جەنابی ڕایگەیاند، کورد کەرکووکی توند گرتووە و کۆنترۆڵی نەوتە یەدەگەکەیشی کردووە، بەمەیش بە کردار گەیشتن بەو خەونەیان کە کوردستانی گەورەیە.
جەنابی کە سیاسیێکی دیاری سوننەمەزهەبە، ئەمڕۆ سێشەممە گوتی، سوپای عێراق ئەو توانایەی نییە ئەو ناوچانە بەدەست بێنێتەوە کە لەدەستی دان. زیاتر دەڵێت، چەکدارانی سوننەیش کە دەستیان بەسەر مووسڵدا گرتووە و بەرەو بەغدا پێشڕەوییان کرد، ڕەنگە لەمەودوا چاو ببڕنە ناوچەی دیکەوە.
پاش شکست و پاشەکشەی هێزە ئەمنییەکان و سوپاکەی عێراق، بە هۆی هێرشی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، هەفتەی ڕابردوو، هێزی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ناوچە کوردستانیانەی کە لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستانن کۆنترۆڵ کردنەوە کە کەرکووک سەرەکیترینیانە و ساڵانێکە کێشەی لەسەرە.
عەدنان جەنابی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە لەندەن رایگەیاند، "کورد بە کردار گەیشتن بەو ئامانجەی خەویان پێیەوە دەبینی.. کوردستانی عێراق ئێستا دەستی بەسەر سنوورە نیشتیمانییەکەیدا گرتووە، لەسەر ئەو باوەڕەیش نیم بە ئاسانی پاشەکشەی لێ بکەنەوە."
زیاتر گوتی "ئەو سنوورانەی کە کەوتوونەتە دەست پێشمەرگەوە، بریتین لە ناوچەکانی کەرکووک و دیالە و سەڵاحەددین.. ئەوان(کورد) بەڕاستی ئەو شوێنانەیان مەبەستە و پێم وا نییە کەس بەرەنگاریان ببێتەوە."
ئەگەر هەرێمی کوردستان دەست بە کەرکووکەوە بگرێت، ئەوا داهاتی کێڵگە نەوتییەکانی زۆر لەوە زیاتر دەبێت کە دەبوایە لە بەغدای وەربگرێت کە ئێستا نایداتێ، ئەمەیش دەبێت بە هاندەرێکی باش بۆ خواستی دامەزراندنی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری.
بەڵام ئەو هێڵی بۆرییە نەوتەی کە ڕۆژانە 600هەزار بەرمیل نەوتی پیدا ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت، لە مانگی ئازارەوە کرابووە ئامانجی چەکدارانی توندڕۆ، لە ئێستادا لە کار کەوتووە. هاوکات چەکدارە توندڕۆ ئیسلامییەکان ئەو هەوڵانەیشیان پەک خستوون کە بۆ چاککردنەوەی ئەو ێڵی بۆرییە دراون لەو بەشەی کە دەکەوێتە دەرەوەی دەستەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە.
جەنابی دەڵێت، سەرباری ئەو توندوتیژیانەی لە ئارادان، نەوتی هەرێمی کوردستان بێ هیچ گرفتێک بەردەوام ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت، بەڵام هێڵەکەی کەرکووک، بە هۆی دۆخی نالەباری ئەمنییەوە بۆ ماوەیەکی دیکەیش وەها دەمێنێتەوە.




