٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دراوسێیەكی تازە بۆ هەولێر و بەغدا دروست بووە... سوننەكان واقیعێكی تازەیان بەدی هێناوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- لایەنە كوردییەكان پێیان وایە پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، ئەوەیش دوای شكستی سوپای عێراق و بێتوانایی لە بەڕێوەبردنی حوكمڕانیدا. ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن کە، دوای شكستی سوپا، عێراق جارێكی دیكە ناتوانێت بە نەفەسی پێشووی مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بكات.

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان فوئاد حوسێن، لە دیدارێكی هاوبەشدا کە بەرپرسی فەرمانگەی پیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادی بوو، لەگەڵ باڵیۆز و دیپلۆماتكارانی وڵاتان لە هەولێری پایتەخت ڕایگەیاند، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی سنووری لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا نەماوە و گوتیشی: "ئێستا عێراقێكی دیكەمان لە پێشە كە جیاوازە لە عێراقی پێش ڕووداوەكەی مووسڵ".

چاودێران پێیان وایە، لە دوای شكستی سوپای عێراق لە مووسڵ، جۆرێك لە كەمئەزموونیی سوپا و حكوومەت لە بەرانبەر گرفتە سیاسی و سەربازییەكان دەركەوت، واتە ئەوەی پێشووتر وڵاتانی دەرەوەیش لە عێراقیان چاوەڕێ دەكرد، وا دەرنەچوو.

 بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەلاح مستەفا، بۆ KDP.infoگوتی: "ئەوەی لە عێراقدا ڕووی دا، داڕووخانی سوپا بوو، بە جۆرێك دەكرێت بڵێین عێراقی دوای ڕووداوەكەی مووسڵ جیاوازە لە پێش ڕووداوەكە، چونكە ئەوە ڕاستییەكە كە وڵاتانی دەرەوەیش لە داڕووخانی ڕەوشی ئەمنیی عێراق نیگەرانن، لە كاتێكدا دوای ڕووداوەكەی مووسڵ نەخشەی سیاسیی عێراق گۆڕاوە و هاوسەنگیی هێزەكانیش بە هەمان شێوە، بۆیە ناكرێت بە چاوی پێش ڕووداوەكانەوە سەیری ئێستای عێراق بكرێت، چونكە واقیعێكی دیكە لە ناوچەكەدا هاتووەتە كایەوە".

هەر لەم بارەیەوە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی ئەبوبەكر عەلی، بۆ KDP.infoڕایگەیاند: "ئەوەی د. فوئاد حوسێن باسی كردووە، ئەمری واقیعە و ئێستا بەربەستێكی تازە بۆ هەرێمی كوردستان و دراوسێیەكی تازەیش بۆ هەردوولا دروست بووە، پرسێكی تازە هاتووەتەوە ناوەوە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكوومەتی ناوەندی و خۆی بەسەر واقیعدا سەپاندووە، كە ئەوەش وای كردووە پەیوەندیی هەرێم و بەغدا وەك پێش ئەم ڕووداوانە نەمێنێت".

گوتیشی: "لە ڕووی سیاسییەوە سوننەكان واقیعێكی تازەیان نەك هەر لە عێراق، بەڵكوو لە ڕۆژهەڵاتدا بەدی هێناوە و پەیوەندییەكان ناچنەوە دۆخی پێش ئەم ڕووداوانە، دەبێت بیر لە داڕشتنی فۆڕمێكی نوێ لەناو پێكهاتەكانی عێراقدا بە تایبەتی هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی عێراق، بكرێتەوە".

ئەبوبەكر عەلی هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو كە "دوو عێراقی كۆن هەن، عێراقێك لە سەردەمی بەریتانیا كە پێكهاتەكانیان ڕاپێچ كرد بۆ پێكهێنانی عێراق كە قەت سەری نەگرت، عێراقی دوای ئەو بە زوڵم و ستەمی سەركردەكانی عێراق كۆتایی هات، قۆناخی سێیەم دوای ڕووخانی سەددام دیسانەوە عێراقێك ویسترا دروست بكرێتەوە، بەڵام ئەوەی ئێستایە كە دەیبینین، بۆیە دەبێت بیر لە چۆنیەتیی دابەشكردنی بكرێتەوە بە كەمترین ئازار."

هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان كوێستان محەممەد، بۆ KDP.infoگوتی: "دوای ڕووداوەكەی مووسڵ نەخشەی سیاسیی عێراق تەواو گۆڕاوە و عێراقی دوای ڕووداوەكەی مووسڵ زۆر جیاوازە لە پێش ڕووداوەكە، لەبەر ئەوەی ئێستا ناوچەیەكی زۆر كەوتووەتە دەست داعش و هێزی پێشمەرگەیش شوێنی ناوچە کوردستانییەكانی دیكەی گرتووەتەوە و سوپای عێراقیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دۆخی خراپ دەبێت و داعش شوێنی دەگرێتەوە".

گوتیشی: "نەخشەكان گۆڕان و عێراقی پێشوو نییە، سوپایش وەك پێشوو نییە و بابەتەكان تەواو گۆڕان و حكوومەتی ناوەندی هێزی جارانی نەماوە، بۆیە دەبێت پەیوەندییەكانیشی بگۆڕێت".

کارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار