٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مۆدێلێكی دیكەی حوكومڕانی‌ لە هەرێمی كوردستان دەست پێدەكات...كابینەی حەوتەم كۆبوونەوەی ماڵئاوایی ساز دا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی حوزەیرانی 2014، كابینەی حەوتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكوەزیران عیماد ئەحمەد، دوایین كۆبوونەوەی خۆی ساز دا. سەرۆکوەزیران بە وەزیرەکانی گوت، كابینەی هەشتەم لە قۆناخێكی دیكەدا دروست دەبێت و قۆناخی مۆدێلێكی دیكەی حوكومڕانی‌ لە هەرێمی كوردستان دەست پێدەكات.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە ئەوەی بۆ خۆی و كابینەی حەوتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مایەی شانازییە، ئەوەیە توانییان ئارامی و سەقامگیریی سیاسی لە هەرێمی كوردستان جێگیر بكەن و ئەمەیش كاری هەموو كابینەكە پێكەوە بووە.

سەرۆكوەزیران هەروەها بە تایبەتی سوپاسی جێگری سەرۆكوەزیران عیماد ئەحمەدی كرد كە ئەمڕۆ حكوومەت جێ دەهێڵێت و ئەركی حزبی وەردەگرێت. ڕوونیشی كردەوە كە ئەو زۆر هاوكار و یارمەتیدەر بووە و بارێكی قورسی لەسەر شانی سووك كردووە و ڕۆژانە زۆربەی كاروباری كارگێڕی بەڕێ كردووە و هەر لەو ڕۆژەوە كە بەرپرسیاریەتی وەرگرتووە، جێپەنجەی لە هەموو بوارەكانی ئەم وڵاتەدا دیارە، هەروەها هەمیشە یارمەتیدەر بووە.

نێچیرڤان بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ ئەو وەزیرانە خواست كە لە كابینەی هەشتەمدا دەمێننەوە و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری دا‌ قوباد تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆكوەزیران دیاری بكات.

دووپاتیشی كردەوە كە هەردووكیان و هەموو وەزیرانیش لە كابینەی داهاتوودا پێویستییان بە هاوكاریی وەزیرانی كابینەی حەوتەم و لە سەرووی هەمووشیانەوە پێویستییان بە هاوكاریی عیماد ئەحمەد هەیە.

سەرۆكوەزیران تیشكی خستە سەر ئەوەی كە كابینەی هەشتەم لە قۆناخێكی دیكەدا دروست دەبێت و قۆناخی مۆدێلێكی دیكەی حوكومڕانی‌ لە هەرێمی كوردستان دەست پێدەكات.  هەروەها داوای لێبووردنی لە وەزیرەكان كرد كە ئەگەر ڕۆژێك لە میانی كاردا دڵێان ڕەنجابێت. جەختیشی لەوە كردەوە وەزیران دەتوانن لە دەرەوەی حكوومەتیش یارمەتیی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدەن و گوتی: "زۆر سوپاس بۆ هەموو كارەكانتان و بە دڵنیاییەوە جێپەنجەتان بە كوردستانەوە دیارە، ڕاستە هەموو شتێكمان نەكردووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە شتی گەورەمان كردووە، هیوای سەركەوتن بۆ هەمووان دەخوازم."

لای خۆیەوە جێگری سەرۆكوەزیران عیماد ئەحمەد، سوپاسی نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ ئەو بڕوا و متمانە و پشتگیرییەی لە كارەكانی كردووە و ڕایگەیاند كە كاركردن لەگەڵ ئەودا دەبێتە مایەی بڕوابەخۆبوون و پێشكەوتن و گوتی: "لە هەر شوێنێك بم خزمەتكار و دڵسۆزی كوردستان دەبم." هەروەها سوپاسی سەرۆكوەزیرانی كرد كە هەر لە سەرەتاوە دووربینی و دڵسۆزیی زۆری بۆ چارەكردنی كێشەكان سەلماندووە و دڵنیاییی خۆی دەربڕی كە لە كابینەی هەشتەمیشدا سەركەوتوو دەبن.

دوای ئەوە هەر یەكە لە وەزیرەكانیش تیشكیان خستە سەر كاروباری وەزارەتەكانیان و سوپاسی سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیرانیان كرد و هیوای سەركەوتنیان بۆ كابینەی هەشتەم خواست. لە كۆتاییدا قوباد تاڵەبانی ڕاسپێردراو بۆ پۆستی جێگری سەرۆكوەزیران لە كابینەی هەشتەمدا گوتی: "جێگەی شانازییە كە ئەم ئەركەم پێ سپێردراوە بۆ ئەوەی بەردەوامی بە كارەكانی بەڕێز عیماد ئەحمەد بدەم و شانازییە بتوانم هاوكاری نێچیرڤان بارزانی بم بۆ خزمەت و ڕاپەڕاندنی كارەكان". هەروەها سوپاسی جێگری سەرۆكوەزیران عیماد ئەحمەدی كرد كە هەمیشە هاوكار و یارمەتیدەر و پشتیوانی بووە و ئاماژەی بەوە دا بۆ لەمەودوایش پێویستی بە هاوكارییان دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار