فەلاح مستەفا: نەخشەی سیاسی و هاوسەنگیی هێز لە عێراقدا گۆڕاوە

هەولێر -KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باس لە دۆخی ئێستای عێراق دەكات و دەڵێت، نەخشەی سیاسیی وڵات گۆڕاوە و وڵاتانی جیهانیش بە بایەخەوە و وەها لە هەرێمی كوردستان دەڕوانن وەك وڵاتێكی بڕواپێهێنراو لەلایەن گەل و خەڵكی كوردستانەوە شەرعییەتی وەرگرتووە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەلاح مستەفا، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "كۆنسووڵخانەكانی وڵاتان و نووسینگەكانیان لە كوردستان، بە بایەخەوە لە هەرێمی كوردستان دەڕوانن و لەو بارودۆخەیش نیگەرانن كە سوپای عێراق تێی كەوتووە، چونكە لەبەریەك هەڵوەشاوەتەوە، لە بەرانبەردا باوەڕێكی تەواویان بە هەرێمی كوردستان و ئەو كۆمپانیایانە هەیە كە لە كوردستاندا كار دەكەن، وڵاتانی جیهانیش ئێستا وا سەیری هەرێمی كوردستان دەكەن وەك وڵاتێكی بڕواپێهێنراو لەلایەن گەل و خەڵكی كوردستانەوە شەرعییەتی وەرگرتووە."
گوتیشی: "ئەوەی هەرێمی كوردستان كردوویەتی، باشترین وەڵامدانەوە بوو بۆ ئاشتی و ئاوەدانی لە عێراقێكدا كە ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی هەیە".
فەلاح مستەفا هەروەها ئاماژەیشی دا: "لە دوای ڕووداوەكەی مووسڵەوە، نەخشەی سیاسیی عێراق گۆڕاوە و هاوسەنگیی هێزەكانیش گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، بۆیە ناكرێت بە چاوی پێش ڕووداوەكان سەیری ئێستای عێراق بكرێت و واقیعێكی تازە هاتووەتە ئاراوە كە نەك ئێمە، بەڵكوو سەرجەم وڵاتان ئەو واقیعە دەبینن، بۆیە ناكرێت لەمەودوا لایەنێك لە عێراقدا ڕۆڵی خۆی بەسەر لایەنێكی دیكەدا فەرز بكات، یان دەبێت عێراقێك بێت مافە دەستوورییەكانی تێدا پارێزراو بێت، یان ئارامی و ئاساییشی بۆ بگەڕێتەوە".




