كابینەی هەشتەم، بەرجەستەکردنی داخوازیی هاووڵاتیان و یەکڕیزیی نیشتیمانی ئامانجیەتی

هەولێر-تایبەت بە KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند کە، کارنامەی كابینەی هەشتەم بریتی دەبێت لە حكوومەتی هاووڵاتی و بەهەندگرتنی داخوازییەكانی هاووڵاتیان لە هەموو سێكتەرەكان و ئەو واقیعە نوێیەی كە لە نەخشەی سیاسیی كوردستاندا دروست بووە.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ئومێد خۆشناو، بۆ KDP.infoگوتی: "كارنامەی سیاسی و خزمەتگوزاریی كابینەی هەشتەم لە چوارچێوەی ئەمڕۆی واقیعی كوردستاندا دەبێت كە ئەو حكوومەتە كۆدەنگە بنكەفراوانەیە، یەكڕیزیی نیشتمانی ئامانجیەتی و بریتی دەبێت لە حكوومەتی هاووڵاتی و بەهەندگرتنی داخوازییەكانی هاووڵاتیان لە هەموو سێكتەرەكانی ژیان و هاوکات کارکردنە لەسەر ئەو واقیعە نوێیەی كە لە نەخشەی سیاسیی كوردستاندا دروست بووە و حكوومەتیش بۆ ئەو قۆناخە نوێیەی كە چاوەڕوان دەكرێت، ئامادەكاریی كردووە.
دوای چەندین كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان و ڕەزامەندبوونیان، كارنامەی سیاسی و خزمەتگوزاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كابینەی هەشتەم ئامادە كراوە و وەها بڕیارە ئێوارەی سبەی چوارشەممە و هاوکات لەگەڵ سوێنددانی وەزیران لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، کارنامەکەیش لە لایەن نێچیرڤان بارزانییەوە بخوێندرێتەوە.




