٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تایمز: كاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردییە

سەرچاوە: KDP.info

لەندەن -KDP.info- رۆژنامەی تایمزی بەریتانیایی لە بارەی رەوشی عێراقەوە راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە كە ئێستا كاتی سەربەخۆیی كوردستان و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردییە.

تایمز لە راپۆرتێكی خۆیدا لەبارەی بارودۆخی عێراق و داگیركردنی بەشێكی زۆری ناوچە سوننەنشینەكانی عێراقەوە رایگەیاندووە، داگیركردنی بەشێكی زۆری ناوچە سوننەنشینەكانی عێراق لە لایەن چەكدارانی داعشەوە، نەخشەی سیاسی و جوگرافیی عێراقی بە یەك جاری گۆڕیوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەو راپۆرتەدا ئەوە خراوەتە ڕوو كە بارودۆخی هەنووكەیی عێراق دەرفەتێكی زێڕینی بۆ كورد رەخساندووە تا سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت و دەوڵەتێكی كوردی دابمەزرێنێت. دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی خەونی سەد ساڵەی كوردە، بەڵام بارودۆخی هەنووكەیی عێراق ئەو خەونەی كردووەتە راستی و كورد دەتوانێ سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت و بە بێ هیچ كێشە و گرفتێك لە عێراق جیا ببێتەوە و دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ خۆی دابمەزرێنێت.

راپۆرتەكەی تایمز جەختیش دەكاتەوە كە هێزی پێشمەرگە لەسەر سنوورەكانی كوردستان جێگیر كراوە و لە ئامادەباشیدایە و دەتوانێت بە ئاسانی بەرپەرچی هەر جۆرە هێرشێكی چەكدارانی داعش یا هەر لایەنێكی دیكە بۆ سەر خاكی كوردستان بداتەوە.

هیوا ئەردەلان

 

هەواڵی پەیوەندیدار