نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان: لە ڕووماڵكردنی ڕووداوەكانی ئەم دواییە نیگەرانین.. زانیاریگەلێک هەن دەربارەی پێشمەرگە نابێ بڵاو بکرێنەوە

هەولێر–KDP.info- نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەڵێت، "چەند گرینگە بە لای ڕۆژنانووسەوە زانیاری بە دەست بهێنێت، ئەوەندەش گرینگە گیانی پارێزراو بێت"، گوتیشی، لە ڕووماڵی هەندێك دەزگای ڕاگەیاندن لە گواستنەوەی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق نیگەرانن.
نەقیبی ڕۆژنامەنووسان، ئازاد حەمەئەمین لەبارەی رووماڵكردنی ڕۆژنامەنووسان لە بەرەكانی شەڕ بۆ KDP.infoگوتی: "دەبێ هەموو ڕۆژنامەنووسان لەوە ئاگادار بكرێنەوە لە بڵاوكردنەوەی هەر هەواڵێك زیان بەم ڕەوشە بگەیەنێت، بۆیە دوو خاڵ لەلای ئێمە زۆر گرینگن، یەكەم دەزگا ڕاگەیاندنەكان هەست دەكرێت بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە كار دەكەن، بە جۆرێك لەبارەی خواردن و جلوبەرگ و چەك و كۆمەڵێك شت هەواڵ بڵاو دەكەنەوە، دواجار بە زیان بۆ ئەمنیەتی كوردستان دەشكێتەوە، بۆیە دەبێت لەمەدا ئاگادار بن نەكەونە هەڵەوە. میدیاكان ئازادن لە گەیاندنی هەواڵ، بەڵام نابێت بە زیان بگەڕێتەوە."
دەربارەی دووەم خاڵیش ئازاد حەمەدەمین دەڵێت، "سەلامەتیی پیشەیی زۆر گرینگە. لە ماوەی دووساڵی ڕابردوو كۆمەڵێك خولمان كردوونەتەوە بۆ ئەوەی بزانرێت بەقەد ئەوەی زانیاری گرینگە ژیانی خۆیشیان گرینگە و دەبێت بزانێت چۆن زانیاری بڵاو بكاتەوە". زیاتر ڕوونی کردەوە، کە لە ئەتەكێتی ڕۆژنامەنووسیدا دەبێت جلی ڕۆژنامەنووس تایبەت بێت، لۆگۆ و ئامێری ڕاگەیاندنی لە خەڵكی ئاسایی جیا بكرێتەوە دەڵێت: "ئێمە وەك سەندیكا بانگەواز بڵاو دەكەینەوە و داواكارین لە میدیاكاران كە بێن داوا لە سەندیكا بكەن، بۆ هەماهەنگی و بۆ ئەوەی پرۆگرامی سەلامەتی ڕێك بخرێت."
ئەو گوتیشی: "ئێمە لە ڕووماڵی میدیاكاران لە ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق ناڕازین و دەبێت میدیا بزانێت كە بۆچی چووە؟ بۆ ئەوە نەچووە هەرچیی هەیە نیشانی كامێرای بدات؟"




