چەکدارانی داعش تەقەیان لە شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و پێشمەرگەیەک بریندار بوو

کەرکووک- تایبەت بەKDP.info- ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی ھێزی پێشمەرگە، سەردانی شاری کەرکووکیان کرد، بەڵام لە نزیک گوندی مەلاعەبدوڵا لەگەڵ چەکدارانی داعش بەرەوڕوو بوونەوە، لە ئاکامدا پێشمەرگەیەک بە سووکی بریندار بوو.
لەبارەی چۆنیەتیی رووداوەکەوە سەرۆکی شاندەکە و بەرێوبەری گشتیی راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، عەمید ھەڵگورد حیکمەت، ھەواڵەکەی بۆ kdp.infoپشڕاست کردەوە و گوتی: "ئەمڕۆ بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی ھیێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەکان و پێویستییەکانیان سەردانی ھێزەکانی پێشمەرگەمان کرد لە دەورووبەری کەرکووک، بەڵام لە نزیک گوندی مەلاعەبدوڵا بەھۆی ئەوەی بە ھەڵە شوێنی ھێزەکانی پێشمەرگەمان جێ ھێشت، لەگەڵ چەکدارانی داعش رووبەڕوو بووینەوە و شەڕەتەقە لەنێوانماندا رووی دا، بەڵام خۆشبەختانە تەنھا پێشمەرگەیەکمان بە سوکی بریندار بوو."
ھەڵگورد حیکمەت گوتیشی: "سەردانی زۆر شوێنمان کرد کە ھێزی پێشمەرگە لێی جێگیر کراوە و لە ڕووی مەعنەوییەوە ورەیان زۆر بەرزە و ھەموو پێداویستییەکیشیان بۆ دابین کراوە."
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو شوێنانەی ھێزی پێشمەرگەی لێیە، زۆر ئارامە و لە ئێستادا ھیچ شەڕێک لەگەڵ چەکدارانی داعش لە ئارادا نییە.
بڵند ئیبراھیم




