٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.فوئاد حوسێن: پەیوەندیی ڕاستەوخۆی سنووری لە نێوان ئێمە و بەغدادا نەماوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم، د.فوئاد حوسێن دەربارەی ڕووداوەكانی عێراقەوە ڕایگەیاند، "ئێستا عێراقێكی ترمان لە پێشە كە عێراقی دوای ڕووداوەكانی مووسڵە و دەبێت بە وردی مامەڵەی لەگەڵ بكەین، لایەنی سێیەم كەوتووەتە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، دەرەنجام پەیوەندیی ڕاستەوخۆی سنووری لە نێوانماندا نەماوە"، گوتیشی هەموو لایەك دەیەوێت بزانێت ئەم دۆخە بۆ ڕووی دا و چۆن ڕووی دا، "هەرچەندە لای ئێمە شتێكی چاوەڕوانكراو بوو، جەنابی سەرۆكی هەرێم پێشتر ئەم مەترسیانەی بۆ هەموو لایەك ڕوون كردبووەوە. تەنانەت لە واشنتۆن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا باسی مەترسییەكان و پێشهاتی ئەم دۆخەمان ‌كردووە، واتە چاوەڕوانكراو بوو بەڵام ئەوەی پێشبینیمان نەدەكرد رووخان و هەڵوەشانەوەی ئەو سوپایە بوو لە ماوەی تەنها 3 سەعاتدا."

بە مەبەستی ئاگاداركردنەوەی دیپلۆماتكاران و ‏نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە دواپەرەسەندنەكانی گۆڕەپانی سیاسی، دوێنێ یەکشەممە لە دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، د. فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت كۆبوونەوەیەكی فراوانیان لەگەڵ دیپلۆماتكاران و ‏نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێم ئەنجام دا.

لە سەرەتادا فەلاح مستەفا ئامانجی كۆبونەوەكەی راگەیاند و گوتی، ئەم كۆبوونەوەیە بەمەبەستی پتەوكردنی پەیوەندییەكان و ئاگاداركردنەوەیە لە دواپەرەسەندنە سیاسییەكان و تەنگژەكانی چەند پارێزگایەكی نزیك لە هەرێمی كوردستان و پەرەسەندنەكانی هەرێمی و چەند پرسێكی گرینگی پەیوەست بە پەیوەندییەكان و پێشووەچوونە سیاسی و ئابوورییەكان.

پاشان د.فوئاد حوسێن بە وردی باسی لەڕووداوەكانی ئەم دواییە كرد و گووتی "ڕووداوەكان ساتەوەختێكی سەختن بۆ عێراق و ناوچەكە، ئێستا عێراقێكی ترمان لە پێشە كە عێراقی دوای ڕووداوەكانی مووسڵە و دەبێت بە وردی مامەڵەی لەگەڵ بكەین، لایەنی سێیەم كەوتووەتە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، دەرەنجام پەیوەندیی ڕاستەوخۆی سنووری لەنێوانماندا نەماوە"، هاوكات هەموو لایەك دەیەوێت بزانێت ئەم دۆخە بۆ ڕووی دا و چۆن ڕووی دا، هەرچەندە لای ئێمە شتێكی چاوەڕوانكراو بوو، جەنابی سەرۆكی هەرێم پێشتر ئەم مەترسیانەی بۆ هەموو لایەك ڕوون كردبووەوە. تەنانەت لە واشنتۆن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا باسی مەترسییەكان و پێشهاتی ئەم دۆخەمان ‌كردووە، واتە چاوەڕوان كراو بوو بەڵام ئەوەی پێشبینیمان نەدەكرد رووخان و هەڵوەشانەوەی ئەو سوپایە بوو لە ماوەی تەنها 3 سەعاتدا.

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم باسی پێكهاتەی گرووپەكان و سەرەتاكانی هاتنی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بۆ شاری مووسڵ و پێشڕەویكردنیان بۆ شارەكانی سەڵاحەددین و دیالە و سنوورەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد، هاوكات باسی هاوكاریی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پێشكەشكردنی كۆمەك و یارمەتی بەو ئەفسەر و سەرباز و هاووڵاتیانەی كە بە هۆی ڕووداوەكانەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون.

هەر لە دیدارەكەدا سەرۆكی دیوان ڕایگەیاند كە پێش رووداوەكان پەیوەندییان بە بەرپرسانی باڵای عیراقی فیدڕاڵ كردووە و داوایان لێ كردون كە شاندێكیان بێنە هەرێم بە مەبەستی گفتوگۆكردن سەبارەت بە چۆنیەتیی خۆئامادەكردن و هەماهەنگی بۆ ڕێگریكردن لە هەرپێشهاتێكی نەخوازراو، بەڵام داواكەی هەرێم لەلایەن بەرپرسانی عێراق بەهەند نەگیراو ڕایانگەیاند كە خۆیان دەتوانن كۆنترۆڵی تەواوی دۆخەكە بكەن.

سەبارەت بە چوونی هێزی پێشمەرگەیش بۆ ناوچەكانی كەركووك و دەوروبەری، د. فوئاد حوسێن ڕایگەیاند كە پاش بەجێهێشتنی ئەو ناوچانە لەلان سوپای عێراقەوە بۆشاییەكی ئەمنی لە ناوچەكەدا بۆ هاووڵاتیان دروست بوو، هەرێمی كوردستان بە ئەركی خۆی زانی كە بۆ پارێزگاریكردن لە هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە بە گشت پێكهاتەكانییەوە و رێگریكردن لە پێشڕەویی زیاتی چەكدارەكانی داعش، هێزی پێشمەرگە بنێرێتە ئەو ناوچانە و ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ بكاتەوە.حكوومەتی هەرێم پابەندبوونی تەوای خۆی دووپات كردەوە بە پارێزگاریكردن لە هاووڵاتیانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، هەروەها پاراستن و دابینكردنی ئەمنیەتی سنوورەكان بە یەكێك لە ئەولەویاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت.

پاشان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت جارێكی تر دیپلۆماتكارانی دڵنیا كردەوە و ڕایگەیاند كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوپەڕی توانای بە كار دێنێت بۆ پارێزگاری و دڵنیابوون لەسەلامەتیی دیپلۆماتكاران و هەموو جۆرە هاوكارییەكیان پێشكەش دەكات چ ئەوانەی لە هەرێمی كوردستانن یان ئەو دیپلۆماتكارانەی لە بەغدا بیانەوێ‌ بێنە هەرێمی كوردستان، هاوكات داوای لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد كە بە هانای ئاوارەكانی ئەم دواییەوە بێن و هانی ڕێكخراوە كۆمەكبەخشەكانیان بدەن بۆ پێشكەشكردنی كۆمەك و یارمەتی خێرا بۆ ئاوارەكانی ئەم دواییە.

پاشان چەندین پرسیار لەلایەن نوێنەرانی وڵاتانەوە كران و لەلایەن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و پەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە وەڵام درانەوە، هەرلە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە كاروان جەمال تاهیر جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار