٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فڕاكسیۆنی زەرد: با كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان لە كەركووك بەڕێوە بچێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- تایبەت بە KDP.info-  فڕاكسیۆنی زەرد پێشنیاز دەكات، كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی كوردستان لە شاری كەركووك بەڕێوە بچێت و مووچەی هەموو پلە تایبەتەكانیش رابگیرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدرێت.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان ئومێد خۆشناو، بۆ kdp.infoگوتی: "لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا كە چەندین پێشنیاز و را و سەرنج و تێبینی خرانە روو، فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان وێڕای ئەوەی كە بەشی زۆری ئەندامانی بەشداریی گفتوگۆ و گەنگەشەكانیان كرد، دوو پێشنیازیشمان خستە روو كە پێمان وایە زەروورەتی ئێستا و قۆناغەكەیە و دەبێت بكرێت."

خۆشناو گوتی: "داوامان كرد كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی كوردستان لە شاری كەركووك بەڕێوە بچێت كە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانیش رێگەی داوە جگە لە باڵاخانەی پەرلەمانی كوردستان لە شوێنی تریش بەڕێوە بچێت، چونكە كەركووك وەكو سیمبولی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانە وەكو پارێزگا، بۆیە ئەوە داوای فڕاكسیۆنی زەردە."

سەرۆكی لیستی زەرد لە پەرلەمان، باسی پێشنیازی دووەمی كرد و ڕایگەیاند: "پێشنیازێكی تریشمان خستە روو كە بە هۆی ئەو بارودۆخە ئابووری و ئەو قەیرانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە بە هۆی نەهاتنی بودجە و دواكەوتنی مووچەوە، داوای ئەوەمان كرد مووچەی هەموو پلە تایبەتەكان بە حزبە سیاسییەكان و پەرلەمانتاران و حكوومەتیشەوە رابگیرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدرێت تا دۆخەكە بەرەو چارەكردن دەچێت."

هەواڵی پەیوەندیدار