٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكی پەرلەمان: داهاتوویەكی نوێ چاوەڕێمانە و پێویستمان بە یەكڕیزی و كۆدەنگی هەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، رووداوەكانی ئەم دواییە، پەیوەندیی راستەوخۆیان بە داهاتووی هەرێمی كوردستانەوە هەیە و "داهاتوویەكی نوێ چاوەڕێمانە، بۆیە پێویستمان بە یەكڕیزی و كۆدەنگی هەیە تاوەكو ئەم ئەزموونە بپارێزین." گوتیشی "بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەبووایە لە ماوەكانی رابردوودا ماددەی 140 جێبەجێ بكرابا و خاكی كوردستان بگێڕدرابایەوە، بەڵام بەغدا بە خەمساردییەوە مامەڵەی لەگەڵ كرد و لە بارودۆخێكی وەك ئێستایشدا پاراستنی ئەو ناوچانە بووەتە ئەركی سەرەكیی هێزەكانی پێشمەرگە."

 

سەعات 11ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یوسف محەممەد سادق و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (8)ـی ئاسایی خولی گرێدانی دووەم، ساڵی یەكەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردن بە ڕێوە چوو.

سەرەتای دانیشتنەكە سەرۆكی پەرلەمان بەرنامەی كاری خوێندەوە كە لە شەش خاڵ پێك هاتبوو، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە خاڵی یەكەمی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە كە بریتی بوو لەتاوتووكردنی باری ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، وتەیەكی لەبارەی دواپێشهات و رووداواكانی ئەم دواییەی سەر گۆڕەپانی عیراق پێشكەش كرد و رایگەیاند: "دوابەدوای رووداوە نەخوازراوەكانی پارێزگای نەینەوا، سەرلەبەری هاوكێشە سیاسییەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هات و ئەمەیش پەیوەندیی راستەوخۆی بە هەرێمی كوردستانەوە هەبوو، بۆیە بە پێویستمان زانی لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمانی كوردستان بنێرینە شوێنی مەبەست تاوەكو لە نزیكەوە بارودۆخەكە هەڵبسەنگێنن، هەروەها بۆ هەمان مەبەستیش، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بە هەماهەنگیی سەرۆكی كوتلە و فراكسیۆنەكان سەردانی مەیدانیی بۆ هەردوو ناوچەی مووسڵ و كەركووك ئەنجام دا".

لە بارەی سەردانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و مەترسییەكانی بۆ سەر هەرێم، سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند: "بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەبووایە لە ماوەكانی رابردوودا ماددەی 140 جێبەجێ بكرابا و خاكی كوردستان بەپێی ئەو دەستوورە بگێڕدرابایەوە، بەڵام حكوومەتی عیراق بە خەمساردییەوە مامەڵەی لەگەڵ كرد و لە بارودۆخێكی وەك ئێستایشدا پاراستنی ئەو ناوچانە بووەتە ئەركی سەرەكیی هێزەكانی پێشمەرگە، بۆیە پەرلەمانی كوردستان بۆ پێشاندانی پشتگیری و هاوسۆزی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و پاڵپشتیكردنیان، ئەم سەردانانەی پێویستییەكی هەنووكەیی بوون".

لە درێژەی گوتەكەیدا سەرۆكی پەرلەمان ئەوەیشی روون كردەوە لە كۆبوونەوەكانیاندا لەگەڵ فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، داوایان لێ كردوون هێزەكانی پێشمەرگە خۆیان لە هەر كردەیەكی نابەجێ كە ببێتە هۆی ناوزڕاندنی هێزەكە و گەلی كورد و هەرێمەكەیش، بە دوور بگرن و ئاماژەی بەوەیش دا كە پێویستە مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ چۆنیەتیی جووڵاندن و بەڕێوەبردنی هێزەكانی پێشمەرگە بكرێت، بە شێوەیەك كە رێگر بێت لە تەداخولی تاكحزبیانە بەسەر ئەو هێزانەوە و ئەوەشی گوت كە پێویستە و كاتی خۆیشیەتی كە لەم بارودۆخەدا چالاكی و جموجۆڵەكانی هێزی پێشمەرگە وەك هێزێكی یەكگرتوو نیشان بدرێن و بەڕێوە ببردرێن و بڕیاری یەكلاكەرەوەی بۆ دەربچێت.

سەرۆكی پەرلەمان جەختیشی كردەوە كە رووداوەكانی ئەم دواییە، پەیوەندیی راستەوخۆیان بە داهاتووی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، بۆیە پێویستمان بە یەكڕیزی و كۆدەنگی هەیە تاوەكو ئەم ئەزموونە بپارێزین.

بەر لەوەی راپۆرتی لیژنەی ناوخۆ و ئاساییش و ئەنجوومەنە خۆجێیەكان بخوێنرێتەوە، ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان كە 36 ئەندام بوون، داوایان كرد كە گفتوگۆكردنی خاڵی یەكەمی بەرنامەی كار بە هۆی هەستیاریی پرسەكە بە داخراوی بەڕێوە بچێت، ئەو داوایەیش خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسند كرا، پاشان دانیشتنەكەی پەرلەمان تا سەعات 5:40 خولەك درێژەی كێشا و بڕیار درا دانیشتنەكە سبەی  16/6/2014 سەعات 11 بەردەوام بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار