شێخ شامۆ جێی نووری حەمەعەلی دەگرێتەوە... سبەی سی ڤیی وەزیرەکان و کارنامەی حکوومەت دەگاتە پەرلەمان
ھەولێر-تایبەت بەKDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، سبەی یەکشەممە، سی ڤیی وەزیرەکان و کارنامەی حکوومەت دەگاتە پەرلەمان و رۆژی سێشەممە یاخود چوارشەممەی داھاتوویشمتمانە بە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەدرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو، بە kdp.info-ی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەی سبەیدا متمانە بە کابینەی نوێ نادرێت و چاوەڕوان دەکرێت سبەی سی ڤیی وەزیرەکان و کارنامەی حکوومەتی نوێی ھەرێم بگاتە پەرلەمان و رۆژی سێشەممە یاخود چوارشەممە متمانە بە کابینەی نوێی بدرێت."
ئومێد خۆشناو گوتیشی کە، کارنامەی کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی کوردستان لە چەند خاڵک پێک دێت، لەوانەش باسکردنی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم کە سێ لیژنەی پەرلەمان سەردانی ئەو ناوچانەیان کردووە و راپۆرتی خۆیان ئامادە کردووە و، سبەی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و خاڵکێی دیکەیش نوێکردنەوەی یاسای تیرۆرە کە دوو ساڵ جارێک نوێ دەکرێتەوە و مانگی حەوت کۆتایی پێدێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد زیاتر گوتی: "یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی کارنامەی سبەی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاری پارتی نووری حەمەعەلی دەبێت کە ماوەیەکی زۆرە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کردووە، ھەر چەندە ئێمە زۆر داوامان لێی کرد کە دەست لە کار نەکێشێتەوە، چونکە پێویستمان بە توانای ئەو ھەیە، بەڵام لەسەر خواستی خۆی بووە و دەیەوێت لە کاری حیزبی بەردەوام بێت و ئەندامی سەرکردایەتی پارتییە."
خۆشناو گوتیشی بە پەسندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی نووری حەمەعەلی، شێخ شامۆ کە کوردی ئێزدیە و رێزبەندی 39-یە لە لیستی ئەندامانی پارتی شوێنی ئەو دەگرێتەوە.




