لەو ناوچانەی مووسڵ کە پێشمەرگەی لێیە، دەوام و گوزەران ئاسایی بووەتەوە

هەولێر-KDP.info-گوتەبێژی هێزی زێرەڤانی ڕایگەیاند، سوپای زێرەڤانی بەردەوامە لە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و دامەزراوە حكوومی و مەدەنییەكان. دەشڵێت، ناوچە كوردنشینەكانی مووسڵ بە دەست پێشمەرگەوەن و دەوام و گوزەران ئاسایی بووەتەوە.
گوتەبێژی هێزی زێرەڤانی، د.ئازاد حەوێزی بۆ KDP.infoگوتی: "حەمدانیە، بەرتلە، بەعشیقە، بە دەست هێزی زێرەڤانییەوەن و لە ئامادەباشیدان بۆ پارێزگاریكردن لە خەڵك و، قایمقامیەت و ئیدارە و نەخۆشخانەكانیش كەوتوونەتەوە سەر كاری خۆیان و لەلایەن هێزەكانمانەوە پارێزگارییان لێ دەكرێت".
حەوێزی گوتیشی: "ئێستا هێزەكانمان لە دەوروبەری مووسڵ جێگر كراون، سەنتەری شاری مووسڵیش بە دەست چەكدارانی داعشەوەیە، بەڵام هێشتا نەهاتوونەتە ناوچە كوردنشینەكانەوە و، لە یەكەم ڕۆژی ڕووداوەكەیشەوە هیچ پێشڕەویێكیان نەكردووە، تەنیا گرووپ گرووپ بەنێو شاردا خولاونەتەوە. ئەوەی بە لای ئێمەوە گرینگە سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیان و دڵنیاكردنەوەیانە لە ئارامیی شار، لە ئەو شوینانەی کە بەدەست زێرەڤانییەوەن".
كارزان هەورامی




