گولـلە ھاوەنێک ژمارەیەک پێشمەرگەی کردنە قوربانی

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info- وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تەنیا ناحیەی سەعدیە ماوە کە هێشتا نەکەوتووەتە دەست پێشمەرگە چونکە هێشتا شەڕی نێوان سوپای عێراق و داعش تێیدا بەردەوامە. گوتیشی، بە هۆی گولـلە هاوەنێکەوە کە بەر هێزێکی پێشمەرگە کەوتووە، ژمارەیەکیان بوونەتە قوربانی.
بەرێوبەری گشتیی راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەڵگورد حیکمەت، بەkdp.info-ی راگەیاند: لە دوێنێوە ناحیەی جەلەولا لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵ کراوە و لەئێستایشدا لە ناحیەی سەعدیە شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و چەکدارانی داعشدا بەردەوامە.
ھەڵگورد حیکمەت گوتیشی: ئەو شەرەی لە سەعدیە بەردەوامە، لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە نییە، بەڵکو لەگەڵ سوپای عێراقە.
ئەوەشی خستەڕوو، "کێشەیەک ھەیە ئەویش ئەوەیە ھێزی پێشمەرگە بە ھاوەن تۆپباران دەکرێت و ئەمڕۆ ھاوەنێک بەر ھێزێکی پێشمەرگە کەوتووە و بە هۆیەوە ژمارەیەکیان بوونەتە قوربانی، ئەگەر نا ھێزی پێشمەرگە لەشەڕدا نییە."
بەپێی زانیارییەکان بە هۆی ئەو گولە هاوەنەوە 11 پیشمەرگە بریندار بوون و 2-یش شەهید بوون.
بڵند ئیبراھیم




