هەولێر هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ پەنابەرانی مووسڵ ڕاگەیاند

هەولێر-KDP.info- حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی، هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ پەنابەرانی مووسڵ ڕاگەیاند و پارێزگای هەولێریش دەڵێت، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا 100هەزار پەنابەر هاتوونەتە هەولێر.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر، هەمزە حامید بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، "ئەم ڕاگەیاندنی هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکارییە، بەدەمەوەچوونی بانگەوازیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچێرڤان بارزانییە، کە داوای لە هاووڵاتیانی کوردستان کرد ئەوەی لە توانایاندا بۆ هاوکاریکردنی پەنابەرانی مووسڵ بیبەخشن."
هەمزە حامید گوتیشی، ئەم هەڵمەتە ەب هاوکاریی ڕێکخراوی مانگی سووری عێراقی لقی هەولێر و کۆی ڕێکخراوە مەدەنییەکانە بۆ کۆکردنەوەی هاوکارییە بۆ ئەو پەنابەرانەی کە بە هۆی ڕەوشی نالەباری مووسڵەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت کردووە.
بە گوتەی حامید، ئەو پەنابەرانەی کە بەشێوەیەکی کاتی هاتوونەتە ناو شاری هەولێرەوە زیاتر لە 100 هەزار کەس دەبن تا شوێنێکی گونجاویان بۆ ئامادە دەکرێت. گوتیشی ئەو چادرگەیەی لە خازر کراوەتەوە هەزار خێزانی تێدا جێگیر کراوە، بەڵام ئەو تیمەی کاری تێدا دەکات لە هەوڵدایە تا چادرگەکە بەرفراوان بکات بۆ ئەوەی شوێنی 500 هەزار خێزانی تێدا بکرێتەوە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر، زیاتر گوتی، "پەنابەرانی دیکەیش هەن کە بە هەماهەنگیی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای کاروباری کۆچبارانی نێودەولەتی و بە پشتیوانیی دەستگای خێرخوازیی بارزانیی نەمر کە کۆمەک و هاوکاریی گەورەی بە ئاوارەکان گەیاندووە، جێگیر کراون.
حامید داوایشی لە هاوولاتیانی هەولێ کرد دەستی هاوکاریی بۆ پەنابەران درێژ بکەن، هەروەک ئەوەی کە هەولێر بە کۆمەک و بەخشینی هاوکاریی ناسراوە و لەم ڕووەوە هەڵوێستی مێژوویی هەیە.




