٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.نووری تاڵەبانی: حكوومەتی عێراق سەلماندی كە توانای داكۆكیكردنی لە خاك و خەڵكەكەی نییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مامۆستای زانكۆ و سەرۆكی ئەكادیمیای كوردی د. نووری تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت، كورد مافی خۆیەتی بەپێی یاسا داكۆكی لە خاكی خۆی بكات. ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە نزیكبوونەوەی هێزە چەكدارەكانی داعش لەو ناوچانەی كە ناكۆكییان لەسەرە، نابێ وەكو كارێكی كتوپڕی ناكاو تەماشا بكرێت.

مامۆستای زانكۆ و سەرۆكی ئەكادیمیای كوردی د. نووری تاڵەبانی، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ KDP.infoلەبارەی ڕەوشی ئێستای عێراق و سوپای داعشەوە دەڵێت: "كۆنتڕۆڵكردنی پارێزگای مووسڵ لە ماوەیەكی زۆر كورتدا لە لایەن هێزە چەكدارەكانی داعشەوە، بووەتە مایەی ترس و دڵەڕاوكێ لەلای هاووڵاتیان لە عێراق و تا ئاستێک لە هەرێمی كوردستانیش، بە تایبەتی لەو ناوچانەی كە نزیكن لەو شوێنانەی هێزەكانی داعشی تێدایە. لەسەر ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتییش، كاردانەوەی زۆری هەبووە، یەكەم لەبەر ئەوەی مووسڵ شاری دووەمی عێراقە و بەشی هەرە زۆری دانیشتووانی سوننەمەزهەبن، دووەم لەبەر ئەوەی پارێزگای مووسڵ سنوورێكی درێژی لەگەڵ سووریادا هەیە."

گوتیشی: "هێزی داعش كە بەناو كار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی ئیسلامی لە ناوچە سونییەكانی عێراق و سووریا دەكات، خەریكە پلانەكەی جێبەجێ دەكات. حكوومەتی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش لە هەرێمی كوردستان، هەموو هەوڵێك بۆ چارەكردنی كێشەكە دەدەن، بەڵام هەر یەكەیان بە شێوازی جیاوازی خۆی."

بە گوتەی دكتۆر نووری، لەبەرئەوەی هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ سنووری لەگەڵ ئەو ناوچانەدا هەیە كە شەڕیان تێدایە، دەبێت بیر لەوە بكاتەوە لە ڕووی یاساییەوە چیی بكات بۆ ئەوەی ئەو ئاگرە لە ناو ماڵی خۆی دوور بخاتەوە. ئەركی سەرەكیی كوردیش داكۆكیكردنە لە خاكی كوردستان، بە ناوچە دابڕێنراوەكانیشەوە.

ئەو دەڵێت: "هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشەكانی گەلی كورد هەمیشە داكۆكیكردن بووە لە خۆی و خاكەكەی، نەك تەنیا لەم بەشەی كوردستان، بەڵكوو لە هەموو بەشەكانی دیكەیش. مافی داكۆكیكردن لە خۆیش، مافێكی ڕەوایە بەپێی یاسای نێوخۆیی، كە دەستووریش دەگرێتەوە، هەروەها بەپَیی یاسای نێودەوڵەتیش. كورد هێرش ناكاتە سەر گەلێكی تر و نایەوێ خاكی عێراق داگیر بكات، بەڵام دەبێ لەسەر داكۆكیكردن لە خاكەكەی خۆی سوور بێت."

ئاماژە بەوەیش دەدات كە وڵاتی كوردستان، دەمێكە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی سنوورەكەی دیاری كراوە، پەیماننامەی (سێڤەر) كە لە ساڵی 1920 مۆر كراوە و بە بەشێك لە یاسای نێودەوڵەتی دەدرێتە قەڵەم، لە ماددەكانی (62 و 63 و64)ـدا سنووری كوردستانی لە چوارچێوەی دەوڵەتی پێشووی عوسمانیدا دیاری كردووە.

گوتیشی: "دەستووری عێراقیش سنووری هەرێمی كوردستانی دیاری كردووە، هەروەها تێیدا ئاماژە بۆ ئەو ناوچانە كراوە كە كێشەیان لەسەرە، واتە ئەو ناوچانەی كە كورد بە بەشێك لە خاكی خۆیان دەزانێ، بەڵام عێراق بە ڕەسمی ددانی پێدا نەناوە. ماددەی (140) لە دەستووری عێراق بۆ ئەو مەبەستە داڕێژراوە، هەرچەندە هەموو حكوومەتەكانی عێراق لە ساڵی 2003ـوە تا ئێستا هەرگیز جیددی نەبوون لە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی ئەو ماددە دەستوورییە."

سەبارەت بە ڕێككەوتنی یاسایی و دەستووریی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەبارەی ناردنی هێزی پێشمەرگەوە، ئایا دەكرێت بەپێی ڕێككەوتنی یاسایی بڕگەیەك زیاد بكرێت بەوەی رێوشوێنێك بگیرێتە بەر بۆ حاڵەتێكی لەناكاوی لەو شێوەی ئێستا ڕووی داوە، د. نووری تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەدات كە نزیكبوونەوەی هێزە چەكدارەكانی داعش لەو ناوچانەی كە ناكۆكییان لەسەرە لە ماوەیەكی زۆر كورتدا، نابێ وەكو كارێكی كتوپڕی ناكاو تەماشا بكرێت. ئەو كارە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ، كە حكوومەتی عێراق یان ئاگادار بووە و كاری جییددی نەكردووە بۆ ڕاگرتنی، یان حكوومەتێكی بێئاگا بووە لەو هەموو ئامادەكاریانەی لەو ماوەیەدا كراون و ئاكامەكەی ئەوە بوو، كە لە 10/6 لە مووسڵ و ناوچەكانی دیكە ڕوِوی دا.

تاڵەبانی دەڵێت: "ئەوەی ئێستا پێویستە سەركردایەتیی كورد بیكات ئەوەیە، لەبەر كشانەوەی سوپای عێراق لە ماوەیەكی زۆر كورتدا لەو ناوچانەی كە ئێستا لەلایەن داعشەوە داگیر كراون، كە زۆر نزیكن لە ناوچە دابڕاوەكانی كوردستان، كورد دەبێ خۆی داكۆكی لە خۆی و لەو ناوچانەی هەمیشە بە بەشێك لە خاكی كوردستانی زانیوە بكات. هێزی پێشمەرگە دەبێ سەنگەرەكانی لەو شوێنانە بچەسپێنێ و قایمیان بكات و هەمیشە لە ئامادەباشیدا بێت، ئەگەر داعش یان سوپای عێراق هەوڵی داگیركردنیان بداتەوە، لە ڕووی بەرپرسیارەتیی نەتەوەیی و یاساییەوە، هێزەكانی پێشمەرگە دەتوانن لەو ناوچانە بمێننەوە بۆ داكۆكیكردن لێیان."

گوتیشی: "لە پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستاندا لە ساڵی 1992ـەوە هەمیشە ئەو ناوچانە بە بەشێك لە هەرێمی كوردستان دراونەتە قەڵەم. لەو باوەڕەدام خەڵكی كوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەكان لەم ڕووەوە یەكهەڵوێست دەبن و پێكەوە پشتیوانی لەم هەڵوێستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن. حكوومەتی عێراقیش سەلماندی كە توانای داكۆكیكردنی لە خاكی عێراق و خەڵكەكەی نییە، بۆیە خەڵكی كوردستان بە دانیشتووانی ناوچە دابڕاوەكانیشەوە دەبێ خۆیان داكۆكی لە خاكەكەیان بكەن، ئەوەیش مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە و داكۆكیكردن لە خۆ لە یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتییشدا مافێكی شەرعییە."

هەواڵی پەیوەندیدار