٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جەعفەری شێخ مستەفا: ئەستەمە عێراق بکەوێتەوە سەر پێی خۆی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، سوپای عێراق لە ناوچە سونییەكان وا تێك شكاوە، بەم سیاسەتەی ئێستای عێراقەوە ئەستەمە جارێكی دیكە بكەوێتەوە سەر پێی خۆی. ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە پێشمەرگە لە شوێنی سوپا دەمێنێتەوە.

بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان جەعفەری شێخ مستەفا، بۆ KDP.infoگوتی: "بارودۆخی عێراق زۆر ئاڵۆزە، لە ڕووی سەربازیەوەسوپا كۆنتڕۆڵی زۆر شوێنی لە دەست داوە، ئەمڕۆیش ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەرگرییان نەما و چۆڵیان كرد، تەنانەت فریا ناكەون پاسەوانەكانیشیان بڕۆن كە ئەمە تەواو نیشانەی تێكشكانی سوپایە، ئەم ئێوارەیش شەڕ لە نێوان داعش و سوپا لە جەلەولا هەبووە و لە ئەنجامدا بارەگای سوپای عێراق سوتا و بەشی ڕۆژهەڵاتی شاریش كەمێك هێزی عێراقی تێدا ماوە".

جەعفەری شێخ مستەفا هەروەها دەڵێت: "لە سەعات 7ـی ئەم ئێوارەیەیشدا پێشمەرگە و سوپا ڕووبەڕووی یەكتر  بوونەوە و پێشمەرگەیەكمان بریندارە".

گوتیشی: "دەمانەوێت هێزی سوپای عێراق بڕوات و ئێمە بە شێوەیەكی هێمنانە شوێنەكانیان بگرینەوە، چونكە ئەگەر بڕۆن و تێك بشكێن، ئەوا داعش شوێنیان دەگرێتەوە".

كارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار