تەواوی ناوچە کوردستانییەکان لە دەست پێشمەرگەدان

هەولێر- KDP.info- ئەمیندای گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، باس لە كۆنتڕۆڵكردنی پارێزگای كەركووك دەكات و دەڵێ، لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هێزەکانی عێراق دەكشێنەوە و پێشمەرگە شوێنیان دەگرێتەوە.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە فەریق جەبار یاوەر، بۆ KDP.infoگوتی: "لە سەرجەم ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان هێزی پێشمەرگە شوێنی سوپای عێراقی گرتووەتەوە، كە خۆی لە هەردوو پارێزگای مووسڵ و كەركووكدا دەبینێتەوە، هەروەها "نەفتخانە" تا "پیشخاپوور" بە دەست هێزی پێشمەرگەوەیە."
یاوەر ئەوەیشی خستە ڕوو كە شوێنگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە بە مەبەستی پاراستنی كەركووك و شوێنەكانی دیكەیە بۆ ئەوەی نەكەوێتە دەست داعشەوە گوتیشی: "ئێستا فیرقەی 70 و 80 و دوو لیوای پۆلیس لە سەرجەم ناوچەكاندا جێگر كراون."
دەربارەی ئەگەری هەبوونی هەماهەنگییش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا یاوەر گوتی، "هیچ هێزێكی سوپای عێراقی نەماوە تا ئێمە هەماهەنگییان لەگەڵ بكەین."
دەشڵێت: "داعش هەلومەرجێكی ترسناكی بۆ عێراق و وڵاتان دروست كردووە، چونكە مەودایەكی فراوان و شوێنێكی زۆریان لە عێراق بە دەستەوەیە."
كارزان هەورامی




