نێچیرڤان بارزانی: تەمەر ڕەمەزان لە ئیدارەكردنی پارێزگای دهۆكدا دڵسۆزیی گەورەی نیشان دا، چاوەڕێی كار و چاودێریی جیددیی پارێزگاری نوێیشین

هەولێر-KDP.info-سەرۆكوهزیرانى هەرێمی كوردستان، پیرۆزبایی لە دەستبەكاربوونی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك و هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەن و پارێزگاری تازەی دهۆك دەكات و ڕایدەگەیەنێت کە، "چاوەڕێی كار و چاودێریی جیددیی ئێوەین." نێچیرڤان بارزانی هاوکات دەربارەی پارێزگاری پشوویش دەڵێ، "تەمەر ڕەمەزان خاوەن ڕابردوویەكی پڕدەستكەوتە و شوێنپەنجەی بە پێشكەوتنەكانی دهۆكەوە دیارە."
ئەمە دەقی دوو پیرۆزبایینامهی سەرۆکوەزیارانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانییە:
"بهڕێزان ئهنجومهن و پارێزگارى تازهى دهۆك،
دەستبەكاربوونی ئەنجوومەنەكەتان، هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك و پارێزگاری دهۆك، لە كەشێكی پڕ لە لێكتێگەیشتن و تەباییدا، مایەی خۆشی و دەستخۆشیی ئێمەیە. پیرۆزبایی لە ئێوە یەكه بە یەكەی ئەندامانی ئەنجوومەن، سەرۆكی ئەنجوومەن و پارێزگاری تازە دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
لە ساڵانی ڕابردوودا كاری زۆر گەورە لە پارێزگای دهۆك كراون، دەستخۆشی لە سەرۆك و ئەنجوومەنی ڕابردوو و هەموو ئەوانە دەكەین كە بەشدار بوون لەو پێشكەوتنانەدا. هیوادارین ئەنجوومەنە بەڕێزەكەتان بە كار و چاودێریی جیددییەوە پەرە بە پێشكەوتنەكانی دهۆك بدات. هیوادارین هەموو لایەكتان هاوكاریی پارێزگاری نوێ بكەن، لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵكی خۆشەویستی پارێزگای دهۆك."
سەرۆكوهزیران دەستخۆشی لە تەمەر ڕەمەزان دەكات.
"بەڕێز تەمەر ڕەمەزان پارێزگاری پێشووی دهۆك.
ئەمڕۆ پارێزگارێكی نوێ بۆ پارێزگای دهۆك هەڵبژێردرا و بۆ ئێوەش تۆمارێكی پڕ دەستكەوت لە خزمەتكردنی شاری دهۆك و پارێزگای دهۆك بە شایەتیی ئێمە و خەڵكی پارێزگای دهۆك بە خۆشەویستییەكی ئەوتۆوە مۆر كرا كە هەرگیز لە بیر ناكرێت.
خەباتی ئێوە وەك پێشمەرگەیەكی ئازا، وەك فەرماندەیەكی ڕۆژە سەختەكان بە هیچ شێوەیەك لە بیر ناكرێت. ئێوە ئازایانە گیانی خۆتان دادەنا و لە پێشەوە هەنگاوتان دەنا لەپێناو وڵاتەكەتان و باوەڕەكەتان. هەروەها لە ئیدارەكردنی پارێزگای دهۆكدا دڵسۆزیی گەورەتان نیشان دا بۆ خزمەتكردنی خەڵكی ئەو پارێزگایە. من وەك سەرۆكوهزیران شایەتیی ئەوە دەدەم كە زۆر دڵسۆزانە هەوڵتان دەدا پڕۆژەی گەورە بۆ پارێزگای دهۆك بكرێن و بەردەوام پێشكەوتنی زیاتر لە پارێزگای دهۆك بەدی بهێنن، ئەوەش جێگەی دەستخۆشیی بەردەوامی ئێمە و خەڵكی خۆشەویست و وەفاداری دهۆكە.
كاروانی ئاوەدانی و سەركەوتنی كوردستان هێشتا زۆری ماوە و كەسانی دڵسۆزی وەك ئێوەش هەمیشە پێویستن بۆ پێشكەوتن و خزمەتكردنی كوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكوهزیرانى ههرێمى كوردستان
12ى حوزهیرانى 2014 "




