فەرهاد ئەتروشی بوو بە پارێزگاری دهۆک

هەولێر- KDP.info-ئەمرۆ پێنجشەممە 12-6-2014، كۆبوونەوەی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار وسەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا ئەنجامدرا.
كۆبوونەوەكە لە بارەگای ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بەڕێوەچوو و تێیدا هەر سێ کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان فەرهاد ئەتروشی، بە پارێزگاری دهۆک، فەهیم عەبدوڵڵا، بە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا و بێریڤان سەلیم شەمۆ، بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک هەڵبژێردران.
فەرهاد ئەتروشی، بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردرا و هەردوو کاندیدی سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاش، لە کۆی 28 دەنگ، 27 دەنگیان بەدەستهێنا.
لە هەڵبژاردنەكانی 30ی نیسانی رابردوو، پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای دهۆك لە كۆی 28 كورسی ئەو پارێزگایە، 19 كورسی بەدەستهێناوە، هەرچی لایەنەكانی دیكەیە 8 كورسییان بەدەستهێناوە، كورسییەكی كۆتاش بۆ ئەرمەنەكانە.




