٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نزیکەی 300ھەزار هاووڵاتیی مووسڵ ئاوارەی هەرێم بوون

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-تایبەت بەkdp.info-  یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەروەی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، تا ئێستا نزیکەی 300ھەزار ئاوارەی مووسڵ ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە کە بڕیارە چوار کەمپیان بۆ لە ھەولێر و دھۆک دروست بکرێن.

یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەروەی ھەرێمی کوردستان. د. دیندار زێباری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بڕیارە سێ کەمپ بۆ ئاوارەکانی پارێزگای مووسڵ لە سنووری پارێزگای دھۆک دروست بکرێن و کەمپێکیش لە سنووری پارێزگای ھەولێر لە خازر دروست بکرێت.

زێباری گوتیشی: بەپێی ئەو ئامارانەی بە دەست ئێمە گەیشتووە تاوەکو ئێستا نزیکی 100ھەزار ئاوارە ھاتوونەتە ھەولێر و لە سنووری دھۆکیش نزیکەی 180ھەزار ئاوارە لە رێگان بۆ ئەوەی بێنە ئەو پارێزگایەوە.

 هاوکات گوتی، "داواکاریی ئێمە لە عێراق ئەوەیە ھاوکاریی دارایی پێشکەش بکەن و ھاوکارمان بن لە پرۆسەکە و ھاوکارییەکەش دوانەکەوێت و ھەروەھا داوا لەلایەنی نێودەوڵەتی دەکەین ئەو بەرپرسیارەتییە تەنھا بە ھەرێمی کوردستان ناکرێت، بۆیە پێویستە لایەنی عێراقی و نێودەوڵەتی ئەو بەرپرسیارەتییە لەئەستۆ بگرن.

د.دیندار زێباری ئەوەشی خستەڕوو، ھێزەکانی پێشمەرگە و ئەمنییەکان ھەموو رێوشوێنی ئەمنییان گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی ھەرێم و ناوچەکانی کوردستانی  دەرەوە ھەرێمی.

ئەم قسانەی زێباری دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتی و کۆنسووڵخانەکان و ئاژانسەکانی یوئێن و یونامی و رێکخراوەکانی دیکەی لە ھەرێم وجێگری وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ھات، لەبارەی ھاوکاریکردنی ئاوارەکانی پارێزگای مووسڵ کە ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار