نازم هەركی: پێشمەرگە لەوپەڕی ئامادەباشیدایە... لە گۆبجەلیل پێشمەرگە و داعش تەنیا 100 مەتر نێوانیانە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ شاندێكی پەرلەمانی كوردستان هێزەكانی پێشمەرگەیان بەسەر كردەوە و لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی پێشمەرگە بوون، هەفتەی داهاتوویش پەرلەمان كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە بارودۆخی مووسڵ ساز دەكات.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان نازم هەركی، بە kdp.infoـی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان یادداشتێكی دایە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەك لەبارەی تێكچوونی بارودۆخی مووسڵەوە، سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاری دا بە پێكهێنانی شاندێك، بۆ ئەوەی سەردانی هێزەكانی پێشمەرگە بكات و ئەمڕۆیش شاندێكی پەرلەمان سەردانی هێزەكانی پێشمەرگەمان كرد لە سنووری پارێزگای مووسڵ و تا كۆتایی بازگەی پێشمەرگە چووین كە لە گۆبجەلیلە و تەنیا نزیكەی 100 مەتر لە بازگەی چەكدارانی داعشەوە دوورە.
نازم هەركی گوتیشی: هێزەكانی پێشمەرگە لەوپەڕی ئامادەباشیدان و تاوەكو ئێستایش هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەكیان لەگەڵ داعش نەبووە و ورەیشیان زۆر بەرزە.
ئەو پەرلەمانتارە زیاتر گوتی: حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بازگەكانی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم، پێشوازییەكی زۆر باش لە ئاوارەكان دەكەن و هەموو پێداویستییەكیان بۆیان دابین كردووە.
هەركی ڕوونیشی كردەوە: بڕیارە لە بارەی سەردانەكەیانەوە شاندەكە راپۆرتێك پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكەن و رۆژی یەكشەممەی داهاتوویش پەرلەمان كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەبارەی بارودۆخی مووسڵەوە ئەنجام دەدات.
بڵند ئیبراهیم




