خورماتوو.. ھێزەکانی سوپا خۆیان ڕادەستی ھێزی پێشمەرگە کرد

خورماتوو-تایبەت بە KDP.info- بە گوتەی بەرپرسی ئاساییشی خورماتوو، تەواوی ھێزەکانی سنووری خورماتوو بە چەکەکانیشیانەوە خۆیان رادەستی ھێزەکانی پێشمەگە کردووە.
بەرپرسی ئاساییشی خورماتوو، راید فارووق ئەحمەد بەkdp.info-ی راگەیاند: "سوپای عێراق کۆتایی پێھات و ئەو ھێزانەی لە دەوروبەری دوزخورماتوو بوون، خۆیان رادەست کرد، تەنھا ھەندێکیان نەبێت کە لە مووسڵ و کەرکوکەوە گەڕاونەتەوە، لەگەڵیان تووشی شەڕێک بووین و دواتر چەک بوون و بەڕێمان کردن."
راید فارووق ئەحمەد گوتیشی: "سەرجەم ھێزەکان خۆیان رادەست کردووە، تەنھا ھێزێکی فریاکەوتن نەبێت کە تورکمانی شیعەن، ئەگەرنا سەرجەم ھێزەکانی دیکەی سەر بە بەغدا کە ھاتبوونە سنوورەکە، یان ھەڵاتوون یاخود خویان رادەست کردووە."
بەرپرسی ئاساییشی خورماتوو روونیشی کردەوە، ھێزەکان پێکھاتوون لە فەوج و لیوا و فەوجی فریاکەوتن، ھەمووویشیان بە چەکەوە خۆیان رادەستی پێشمەرگە کردووە.
بڵند ئیبراھیم




