٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی سێی پارتی: ئەو شوێنەی سوپا چۆڵی بکات، پێشمەرگە لێی جێگیر دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-تایبەت KDP.info-  بەرپرسی لقی 3ـی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی کە شاری کەرکووک زۆر ئارامە،بەڵام سوپای عێراق زۆر لە پاشەکشێیە و بەبێ ئەوەی گوشارێکی ئەوتۆی لەسەربێت جێگاکانی خۆی چۆڵ دەکات. گوتیشی، ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی عێراق چۆڵی کردوون پێشمەرگەی لێ جێگیر کراوە.

بەرپرسی لقی 3ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک محەممەد کەمال، بۆ KDP.info گوتی: "ئێستا وەزعی ناو شاری کەرکووک زۆر ئارامە، بەڵام هێزەکانی سوپا لە دەوروبەری کەرکووک کە مەبەستم سوپای عێراقییە، زۆر لە پاشەکشێیە و جێگاکانی خۆی بە بەلاش و بەبێ ئەوەی هیچ زەختێکی لەسەربێت چۆڵی دەکات. بەڵام بەرامبەر بەوە هێزی پێشمەرگە چ لیوای 1 و چ لیوای 2 دەچنە شوێنەکانەکانیان و دەیانگرن، ئەم دوو لیوایەی سوپای عێراقیش کە لە دەوری کەرکووک بوون و ئێستا بە تەواوەتی شوێنەکانیان جێ هێشتووە و پێشمەرگە جێگاکەی ئەوانی گرتووەتەوە."

بەرپرسی لقی 3 گوتیشی: "ئەو هێزانەی تری ناو شاری کەرکووک بە دەوری خەندقی کەرکووکدا دابەش کراون و هێزی قەزا و ناحیەکانیش بە هاماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە، دەوری مەشروعەکە و چەند شوێنێکی تریان گرتووە و رەشاد و ریاز و زاب و عەباسییەیش سقوتیان کردووە."

 بەڵام وەک محەممەد کەمال دەڵێت، "پێراریش هەمان حاڵەت لەو ناوچانەدا روویدا کە من دڵنیام کاریگەری نابێت لەسەر شاری کەرکووک، چونکە وەزعی کەرکووک جیاوازە، لە هەمانکاتدا لەگەڵ مووسڵیش جیاوازە."

بەرپرسی لقی سێ ڕوونی کردەوە، "بەوپێیەی کە مووسڵ دەکەوێتە سنووری سووریاوە کە 3 ساڵە وەزعی خراپە و داعش لەوێ دەور دەبینێت ڕەوش و پێکهاتە و جیۆگرافیاکەیشی بۆ وەها ڕووداوێک هاوکار بووە."

  ئەو زیاتر ڕوونی کردەوە، "بەڵام جیۆگرافیای کەرکووک لە جیۆگرافیای مووسڵ زۆر جیاوازترە و پێکهاتەی کەرکووکیش هەر جیاوازە، بۆیە دەتوانم بڵێم تێکڕای پێکهاتەکانی کورد و تورکمان و کلدان و ئاشوورییەکان بە عەرەبیشەوە، بەردەوام داوای ئەوەیان کردووە کە هێزەکانی پێشمەرگە بێن و شارەکە کۆنتڕۆڵ بکات بۆ ئەوەی کەرکووک ئارام و پارێزراو بێت و دوور بێت لە هەموو هێرشێکی نەخوازراو."  

هەواڵی پەیوەندیدار