نەوزاد ھادی: کەمپێک بۆ ئاوارەکانی مووسڵ دروست دەکەین

ھەولێر-تایبەت KDP.info- نەوزاد ھادیڕایگەیاند، ئەوەی لە توانایاندا هەبێت بۆ بەهاناوەچوونی ئاوارەکانی مووسڵ دەیکەن و کەمپێکیشیان بۆ لە خازر دروست دەکرێت.
دوای تێکچوونی بارودۆخی پارێزگای مووسڵ و کۆنترۆڵکردنی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە و ئاوارەبوونی بە ھەزاران خێزان، بڕیارە لە پێش بازگەی خازر کەمپێک بۆ ئاوارەکان دروست بکرێت.
پارێزگاری ھەولێر، نەوزاد ھادی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەو ئاوارانەی بەھۆی تێکچوونی بارودۆخی مووسڵەوە ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، ژمارەیان گەلێک زۆرە، بەڵام پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەکو ئاو و خواردن و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنمان بۆ دابین کردوون."
نەوزاد ھادی گوتیشی: "لە پێش بازگەی خازر کەمپێک بۆ ئاوارەکان دروست دەکرێت، بەڵام هێشتا رێژەی ئاوارەکان دیار نییە، چونکە رووداوەکان لە مووسڵ بەردەوامن و ئاوارەکانیش رۆژانە ژمارەیان لە زیادبوونە."
پارێزگاری ھەولێر روونیشی کردەوە، ھاوکاریکردنی ئاوارەکان کارێکی مرۆییە و ئەوەی لە توانایاندا ھەبێت بۆ بەهاناوەچوونیان دەیکەن.
بڵند ئیبراھیم




